لەبارەی چۆنیەتی كاركردنی كامێرای پۆینت تو پۆینت هاتووچۆی هەولێر ڕوونکردنەوە دەدات

وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لەبارەی چۆنیەتی كاركردنی کامێرای تیژڕۆی خاڵ بۆ خاڵ دەڵێت" ئەگەر بەخێرای دیاریكراوی شەقام یان كەمتر بڕۆیت، هیچ سزایەك نییە". 

فازڵ حاجی وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر، ئەمشەو چوارشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد" کەس لە بابەتی کامێرای (پۆینت تو پۆینت) بە هەڵە تێنەگات، ئەگەر بەخێرای دیاریکراوی شەقام یان کەمتر بڕۆیت هیچ سزایەک نییە". 

دەشڵێت" تەنها لە حاڵەتی زێدەڕۆی سزا تۆمار دەکرێت، هاوشێوەی کامێراکانی تر کە پێشتر هەبوون، تاکە جیاوازی ئەوەیە کە پێشتر شوفێران لە پاش تێپەڕبوونیان لە کامێراکان دەستیان دەکردەوە بەتیژڕۆی، بەڵام لەو سیستەمە ئەگەر لە پشت کامێراکەش گەڕایەوە تیژڕۆی کردن سزات بۆ دەنوسێت". 

ڕوونکردنەوەکەی فازڵ حاجی لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند" لە هەفتەی داهاتووەوە کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆی خاڵ بۆ خاڵ یان Point to Point لە شەقامی ١٢٠ مەتری هەولێر دەکەوێتە کار".


PM:09:20:18/01/2023