زانیاری نوێ سەبارەت بە گەڕانەوەی تەرمی پێنج هاوڵاتییە كوردەكەی دهۆك


تەرمی ئەو پێنج هاوڵاتییەی شاری دهۆك گەڕێندرانەوە هەرێمی كوردستان كە لە باكوری كوردستان كوژران.

سایتی ئێن ئاڕ تی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ تەرمی ئەو پێنج كەسەی لە باكوری كوردستان لە هێرشێكی چەكداریدا كوژران لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە گەڕێندراوەتەوە بۆ هەرێم و هەر ئەمڕۆش بە خاك دەسپێردرێن.

ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەشداوە، قوربانییەكان لە دوو بنەماڵەی جیاوازن و تەرمی دوانیان لە ناحیەی شیلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی بە خاك دەسپێردرێن، تەرمی سێ قوربانییەكەی دیكەی دهۆكش لە كۆمەڵگەی باگێڕای سەر بە ناحیەی زاوێتەی نزیك پارێزگای دهۆك بەخاك دەسپێردرێن.

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، پێنج هاوڵاتی پارێزگای دهۆك كە ئەندامانی یەك خێزان بوون بە مەبەستی سەردانی و چارەسەر وەرگرتن روویان لە باكووری كوردستان كرد، بەڵام لەسەر رێگای ماردین كۆمەڵێك چەكدار هێرشیان كردنەسەر و لە ئەنجامدا هەر پێنجیان دەكوژرێن و پۆلیسی ماردین چوار كەسی لەسەر رووداوەكە دەستگیركرد.



AM:08:44:20/01/2023