نەوەی نوێ هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن ئاشكراكرد


جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنن، ئەوان كێشەیان لەگەڵ سیستەمەكانی هەڵبژاردن نییە، یەك بازنە یان فرە بازنە بێت، بەڵكو لایان گرنگە كۆمسیۆنێكی هەڵبژاردنی بێلایەن بۆ هەڵبژاردن پێكبهێنرێت.

فڕاكسیۆنی نەوەی نوێ لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رایەیاندووە، سەرۆكایەتی پەرلەمانی (ماوەبەسەرچوو)ی هەرێمی كوردستان لە ئاگاداری نامەیەكدا داوا لەسەرۆكی فڕاكسیۆنەكان دەكات لە ڕۆژی دووشەممە ئامادەبن بۆ كۆبونەوە سەبارەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن. 

نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەكردووە، ئەم زۆرینەی پەرلەمانە كە ئێستا حكومەتیان پێكهێناوە، ماوەی چور ساڵ نەیانتوانیوە یاسای هەڵبژاردن و پرسی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن ببەنە ناو هۆڵی پەرلەمانی یاسایی، ئێستا دەیانەوێت لەم پەرلەمانە (ماوە بەسەرچووە)دا بیبەن؟!

هەروەها باسیان لەوەكردووە "ئەمانە هەتا پەرلەمان یاسایی و شەرعی بوو، دەیانوت با لە دەرەوە، وە لە دیوەخانەی حیزبی رێك بكەوین و دواتر لە پەرلەمان شتەكان گفتوگۆی لەباڕەوە دەكەین، ئێستا كە پەرلەمان شەرعیەتی خۆی لە دەستداوە و هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان بایكۆتیان كردوە ، ئینجا دێن باسی كۆبونەوەی پەرلەمان دەكەن.(كە دیارە زیاتر مەبەستیان رێكنەكەوتنە، نەك رێكەوتن) ".

نەوەی نوێ وتویەتی "هیچ تێبینی و سەرنجێكمان نییە لەسەر یاساكە، یاسای هەلبژردن هەر چۆن بێت، فرە بازنە یان یەك بازنە یانیش چوار بازنە كێشەمان نیە!!، بەڵكو ئەوەی گرنگە كۆمسیۆنێكی بێلایەنی دوور لە دەستی حیزب هەبێت كە نوێنەرایەتی هەموو خەڵكی كوردستان بكات، بۆئەوەی بتوانێت هەڵبژاردنێكی پاكوبێگەرد بەچاودێری و سەرپەرشتی نەتەوەیەكگرتوەكان وكۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەنجام بدات ، نەك نوێنەری ئەو حیزبانە بێت كە دۆڕاون و بە هەمویان ٪٢٠ ی دەنگی خەلكیان نییە". 



PM:08:15:22/01/2023