باران و بەفربارین دەست پێدەكات


بڕیار وایە لە هەفتەی داهاتووەوە و بۆ ماوەی چەند رۆژێك باران بارین دەست پێبكاتەوە و لە ناوچە شاخاوییەكانیش بەفر ببارێت.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی رایگەیاندوە، كاریگەری ئەو وشكە سەرمایەی لەناوچەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و رۆژھەڵاتی ھەرێم ھەیە تا رۆژی پێنجشەمە بەردەوامی ئەبێت.

ناوبراو روونیكردۆتەوە، سەبارەت بە شەپۆلە بارانەكەی سەرەتای ھەفتەی ئایندەش كە پێشبینی دەكرێت لە ٢٨ی مانگەوە دەستپێبكات گۆڕانكاریەكان تائێستا دڵخۆشكەرن و ماوەی ئەو شەپۆلە لەسەر ناوچەكان ئەگەر ھەیە بۆ چەند رۆژێك بەردەوامی ھەبێت و بارانێكی باش لەسەرتاسەری ناوچەكاندا ببارێت لەگەڵ بارینی بەفر لەناوچە شاخاوی و سنورییەكاندا، بەڵام بۆ بارینی بەفر لەسەنتەری شارەكاندا تائێستا ھیچ ئەگەرێك نییە.



PM:11:54:22/01/2023