ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆگان ئاشكرا دەکرێت


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی ‏كوردستان (ماوە درێژكراوە) و رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆكی توركیا جەختیان لە پەیوەندییەكانی هەردوولا كردەوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی ‏كوردستان (ماوە درێژكراوە) ئەمڕۆ سەردانی توركیای كردووە و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆبۆوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم، لەكۆبونەوەكەدا پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا، دۆخی ‏سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی دوای دەستبەكاربونی كابینەی ‏نوێی حكومەتی فیدراڵیی عێراق، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆی ‏چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان و دەرفەتەكانی هاریكاریی عێراق و هەرێمی ‏كوردستان لەگەڵ توركیا لە بواری وزەدا، تاوتوێكران.

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، هەردوولا جەختیان لە خواستی دولایەنە بۆ برەودان بە پەیوەندییەكانی هەرێمی ‏كوردستان و توركیا لە هەمو بوارەكاندا كردەوە، بەتایبەتیش بواری بازرگانی و ‏ئابوری و سودوەرگرتن لەو‌ دەرفەتانەی بۆ فراوانكردنی هاریكاریی هاوبەشی ‏عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا لە بواری وزەدا هاتونەتە ئاراوە كە ‏دەكرێت ڕۆڵی كارای هەبێت لە پڕكردنەوەی ئەو بۆشایی و پێویستییەی ئەمڕۆ لە ‏جیهان و بەتایبەتی لە ئەوروپا لە بواری وزە و گازی سروشتیدا دروستبوە.





PM:05:53:26/01/2023