ئاوات شێخ جەناب زانیاری نوێ سەبارەت بە داهاتی سلێمانی ئاشکرادەکات

وەزیری دارایی هەرێم ئەمڕۆ پێنج شەممە لەگەڵ نوێنەری خەڵكی پێنجوێن کۆبووەوە و ڕایگەیاند" لە سنوری پارێزگای سلێمانی کەمی هەیە لە داهات و ئەوەش ڕەنگی داواتەوە لە ئاستی خزمەتگوزارییەکان". 

بەپێی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێم، ئەمڕۆ ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆ درێژکراوە)، لە  سلێمانی پێشوازیكرد لە نوێنەری خۆپیشاندەرانی قەزای پێنجوێن و ژمارەیەك كەسایەتی شارەكە و لەگەڵیان كۆبوەوە. 

لە دیدارەکەدا نوێنەری خۆپیشاندەران، یاداشتێكی هەشت خاڵی پێشكەش بە وەزیری دارایی و ئابوری كرد كە بریتی بوون لە كێشەكانی (تەندروستی، ڕێگاوبان، كارەبا، ئاو، پەروەردە و خوێندن) لە سنورەكەیادا. 

لای خۆشیەوە ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند" لە هەموو هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك كەموكورتی هەیە كە هەندێكی چارەسەری لە دەرەوەی توانای حكومەتی هەرێمە بەهۆی ئەو گەمارۆیەی لە (٢٠١٣)ەوە خراوەتە سەر هەرێم، لەگەڵ كێشەی كەمی داهات لەم سنورە و پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا، لە سنوری پارێزگای سلێمانی كەمی هەیە لە داهات و ئەوەش ڕەنگی داواتەوە لە ئاستی خزمەتگوزارییەكان و پێنجوێنیش بەشێكە لەو شوێنانەی گرفتی بۆ دروستبووە". 


PM:07:05:26/01/2023