وادەی بەفربارین لە سەنتەری شارەکان ڕاگەیەندرا

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت" پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی بەفربارین روو لە هەرێم بکات". 

ئاراس جەبار شارەزی بواری کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" لە ئەنجامی زیادبوونی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست لەسەر ناوچەکە ئاسمانی ھەرێم بە درێژای ئەمڕۆ ھەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بەردەوامی بارانبارینی پچر پچر و بەفر لە ناوچە شاخاویەکان بەرێژەیەکی مامناوەند". 

وتیشی" لە کاتەکانی ئەمشەو ناجێگیری کەشوھەوا زیاتر دەبێت و بارانی بەخوڕ دەبارێت و هەورەتریشقەشی لەگەڵدا دەبێت، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان بەفربارین زیاتر دەبێت،
 پلەکانی گەرماش بە نزیکەی یەک بۆ دوو پلە نزمتر دەبێتەوە". 

ئەوەشی خستەڕوو، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە کاریگەری شەپۆلی بەفر و بارانبارین بەردەوامی دەبێت و دواتریش بە مامناوەندی درێژەی دەبێت تاوەکو رۆژی ھەینی کۆتایی پێدێت.

ئاراس جەبار لە کۆتای بڵاوکراوەکەدا پێشبینیش دەکات، سەرەتای ھەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی سەرما و بەفربارین ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بگرێتەوە و بەفر لە سەنتەری شارەکاندا ببارێت.


PM:05:05:29/01/2023