ئاماری هەناردە و داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی ڕابردوو بڵاوکرایەوە

وەزارەتی نەوتی عیراق ئاماری فرۆش و داهاتی نەوتی بۆ مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، كە داهاتەكەی زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار بووە.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" بڕی هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ مانگی (١)ی ئەمساڵ ١٠١ ملیۆن و ٢٤٥ هەزار و ٩٥ بەرمیل بووە، کە داهاتەکەی حەوت ملیار و ٦٩٠ ملیۆن دۆلار بووە". 

ئاماژەی بەوەشداوە، کۆی ئەو بڕە نەوتەی کە بۆ مانگی ڕابردوو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەناردە کراوە، بڕی ٩٨ ملیۆن و ٤٦٠ هەزار و ٥٠ بەرمیل بووە، لە کاتێکدا ئەو بڕە نەوتەی لە كێڵگەكانی كەركوك بۆ بەندەری جەیهانی توركیا گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٤٧٥ هەزار و ٥١٦ بەرمیل، تێكڕای نرخی هەر بەرمیلێكیش نەوت لەو مانگەدا (٧٥.٩٦) دۆلار بووە.


PM:04:52:01/02/2023