سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانى بە هێزە چەکدارەکان کرد ئەو کەسانەی دۆلار بە قاچاخ دەبەن و یارى بە نرخەکەی دەکەن دەستگیربکەن.
لیوا یەحیا رەسووڵ وتەبێژى فەرماندەى گشتی هێزە چەکدارەکانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە" محەمەد شیاع سودانى لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکاندا کۆبووەتەوە و فەرمانى داوە بۆ چارەسەرکردنى بە قاچاخبردنى دۆلار و دەستگیرکردنى قاچاخچییەکانی دۆلار و ئەوانەى یاری بە نرخەکەیەوە دەکەن، لەگەڵ دەستگرتن بەسەر ئەو پارانەى بە قاچاخ دەبرێن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، سودانی جەختی لەوە کردەوە، پێویستە کاری بانکی و ئاڵوگۆڕ، بەشێوەیەک ئەنجامبدرێن کە گەرەنتی ئازادی بازرگانی دراو بکات بەگوێرەی ئەو زەمینە بانکییە یاساییانەی کە ملکەچی میکانیزمی ئاڵوگۆڕی کاڵا و دارایین و ئاسانکاری بۆ دابینکردنی دراوی بیانی دەکات بۆ ئەو هاوڵاتیانەی ئارەزووی گەشت و چارەسەری پزیشکی دەکەن و پێویستە رێگە لە قۆستنەوەی هەل بگیرێت.