فوئاد حسێن: بۆ سەقامگیری دینار و دۆلار هەواڵی دڵخۆشكەر هەیە


وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت "هەواڵی دڵخۆشكەر هەیە و ئەو بەرپرس و كەسانەی لە ئەمریكا بینیویانن هەموویان پشتگیریی سیاسەتی حكومەت و رێكارەكانی بانكی ناوەندیی عێراق دەكەن، بۆیە جۆرێك سەقامگیریی هەیە هەم لە بواری دینار و هەم لە بواری دۆلاریش".
 
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاندووە، لە واشنتن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا كۆبوونەوە و سەبارەت بە نرخی دۆلار رایەیاندووە "توندیم لە بەرپرسانی ئەمریكا نەبینی، بەڵام ئەوان باسی رێكاری خۆیانیان كرد و ئێمەش بیروڕای خۆمان، ئەوان ئەگەر توندیان هەبێت سیاسەتی خۆیانە بەرامبەر بە وڵاتێك، بەڵام بەرامبەر ئێمە هیچ توندیەك نەبوو."
 
لەبارەی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا، وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، "ئێمە خەریكین كە شاندی هەردوولا، هەرێمی كوردستان و بەغدا، كۆببنەوە و رەشنووسێكی یاسای نەوت پێشكەش بكرێت بە پەرلەمان و هەروەها باسی بودجە كرا و نوێنەری هەرێمی كوردستانیش لە كۆبوونەوەكاندا بەشدار بوو و قسەی خۆی كرد و پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا زۆر باشە، كێشە هەیە، بەڵام چارەسەریش هەیە."
 
سەبارەت بەوەی هەواڵی دڵخۆشكەریان پێیە بۆ عێراقییەكان، فوئاد حسێن وتویەتی "بەڵێ هەواڵی دڵخۆشكەر ئەوەیە ئەمریكییەكان ئەوانەی كە بینیمانن كەسانێكی زۆرمان بینیوە، هەموویان پشتگیری سیاسەتی حكومەتی عێراق دەكەن و پشتگیریی ئەو رێكارانە دەكەن كە بانكی ناوەندیی عێراق گرتوویەتیەبەر، هاوكارییەكی زۆر باش هەیە لەنێوان بانكی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا".



AM:10:11:10/02/2023