لێدوانێكی نوێ لە وەزیری داراییەوە سەبارەت بە چارەسەری نرخی دۆلار


وەزیری دارایی عێراق رایدەگەیەنێت، كێشەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار چارەسەر كراوە و ئێستا حكومەت خەریكی بەرنامەی گەورەترە.

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ئەمڕۆ لە میانی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی بەردەوامی دارایی كە لەوڵاتی ئیمارات بەڕێوەچوو رایگەیاند، حكومەتی عێراق بەرنامەیەكی گەورەی لە ئاستی ئابوری و دارایی جێبەجێ دەكات كە كاریگەری ئەرێنی لەسەر ژیانی كۆمەڵگە و دامەزراوەیی دەوڵەت بۆ بەدەستهێنانی بەردەوامی دارایی دەبێت.

تەیف سامی روونیكردەوە، كێشەی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار بە ئیرادەی حكومی و جەماوەری بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دیناری عێراقی چارەسەر كرا.

دەربارەی پرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵیش، ناوبراو وتویەتی "حكومەت لە لێواری تەواوكردنی كارەكانە لەسەر بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2023، هەنگاونان بەرەو چاكسازیی ئابوریی هەمەلایەنە لە ئابوری عێراق، پەرەپێدانی ستراتیژییەكی ڕون بۆ هەمەچەشنكردنی ئابورییەكەی، بەرزكردنەوەی داهاتەكانی، پاڵنانی گەشەپێدان بۆ پێشەوە لەكارە لەپێشینەكانیەتی".



PM:06:28:13/02/2023