سودانی: دەبێت ئەمساڵ سەرژمێری گشتی ئەنجام بدرێت


محەمەد شیاع سەرۆک وەزیرانی عێراق جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی هاوڵاتیان لەمساڵدا.

ئەمڕۆ چوار شەممە ١٥ ی شوبات نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی لە میانی ئەمساڵدا، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای نیشتەجێبوونی کردووە.

لە راگەیاندنەکەدا هاتووە" سوودانی جەختی لە بەگەڕخستنی هەموو هەوڵەکان کردەوە، لەپێناو ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی له‌ عێراق لەماوەی ئەم ساڵەدا".

سودانی پێداگری دەکات کە هەموو توانا و پێداویستییەکانی مرۆیی، تەکنیکی، دارایی و لۆجستی پێویست به‌رده‌ستبكرێن، بەمەبەستی سەرخستنی پڕۆسه‌ی سه‌رژمێری له‌ عێراق.

لە راگەیەندنەکەدا هاتووە کە لە کۆبوونەوەکەدا ئەو رێکكارانەی دەزگای ناوەندی بۆ سەرژمێری و ئامار لە وەزارەتی پلاندانان و پێداویستییەکانی جێبەجێکردنی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی و ڕۆڵە چاوەروانکراوەکانی وەزارەتەکانی پەیوەندار بەم پرۆسەیە، تاووتوێکران.

لە عێراقدا حەوت سەرژمێری گشتیی لە عێراق ئەنجامدراوە، ئەوانیش لە ساڵانی ١٩٢٠، ١٩٤٧، ١٩٥٧، ١٩٦٥، ١٩٧٧، ١٩٨٧، ١٩٩٧دا.



PM:07:40:15/02/2023