لە بوومەلەرزەکەی باکوری کوردستان ١٧ کەس خانەوەی ئەحمەد تورک گیانیان لە دەستداوە

ژمارەی قوربانییەکانی بوومەلەرزەکەی باکوری کوردستان رۆژ بەرۆژ بەرزتردەبێتەوەو، تەنها لە خانەوادەکەی سیاسی ناسراوی کورد، ئەحمەد تورک ١٧ کەس گیانی لە دەستداوە.

ئەمڕۆ وەفدی هەدەپە، ئەبرو گونای، سیاسەتمەداری کورد ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی کەجەدە بەدران ئۆزتورک، بەڕێوەبەرانی دەبەپە و پەرلەمانتارانی هەدەپە سەردانی شاری سەمسوریان کرد.

ئەحمەد تورک کە ١٧ کەسی خانەوادەکەی گیانیان لە دەستداوە، وتی، "ئەمڕۆ لە ١٢یەمین رۆژی کارەساتەکەداین. بە داخەوە گەلەکەمان رووبەڕووی مەرگەساتێکی گەورە بووەتەوە. بەپێی لێکۆڵینەوەکانمان تەنیا لە سەمسور دەیان هەزار کەس ژیانیان لەدەستداوە. بە داخەوە والی ئێرە ئاگای لەگەل نییە. والی سەمسور ئاگای لە کارەساتەکە نییە. کاتێک هاتینە ئێرە، کەس بەو وێرانکاریە رانەگەیشتبوو. بۆ رزگارکردنی خەڵک لە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکان هیچ هەوڵێک نەدرابوو. بەڵام ئێمە ئەو راستیەمان بینی، نەک هەر گەلی کورد لە چوارلای تورکیاوە خەڵک هاتن بۆ ئێرە. گەل هەوڵیدا شتێک بکەن. بەتایبەتی رێکخراوە مەدەنییەکان، پارتە چەپگرەکان و هەدەپە لە رۆژی یەکەمەوە هەوڵیاندا خۆیان بگەیەننە هەموو شوێنێک. دەوڵەت هەوڵیدا رێگریی لەو چالاکییانە بکات. ئەو هەوڵانە هێشتاس بەردەوامن".

تورک دەشڵێت "وەک دەزانن لە پازارجخ ئەو شوێنەی ئێمە هاوکاریمان تێدا کۆدەکردەوە دەستیان بەسەردا گرت. لەوێس قەیومیان دانا. ئەمرۆش بۆ هەڤاڵانمان لێرە تەنگوچەڵەمە ساز دەکەن، دەمانەوێت خۆمان بگەیەنینە گوندەکان، بەڵام ئەو هاوکارییەی بۆ ئێرە دێت دەستی بەسەردا دەگیرێت. لێرە ئێمە بەرەوڕووی مەرگەساتێکین. ئێمە گەورەیی مەرگەساتەکە دەزانین. ئەو کارەسات و زیانەی دەسەڵات سازی کردووە لەوەی بومەلەرزەکە گەورەترە. حکومەت بەم جۆرە کە چەندین رۆژ هیچی نەکرد، لەبەر ئەوەی چاوەڕێی دەسەڵات بوون، هیج کارێک نەکرا، زۆر رێکخراو کارەکانیان راگرت. کاتێک مرۆڤەکان لە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکاندابوون، هیج کارێک ئەنجامنەدرا. بەڵێ ئەوان چی دەکەن با بیکەن، بە شەو و رۆژ هەوڵماندا خۆمان بگەیەنینە گەلەکەمان. پارتەکەمان ئەمڕۆ نەک هەر لە سەمسور، لە پازارجخ، مەرەش، ئەلبیستان، هاتای و دیلۆکیش لەگەڵ زۆر رێکخراوی مەدەنی، لە هەوڵێکی گەورەدایە. 

٦ ی شوبات بوومەلەرزەیەکی گەورە باکوری کوردستان و رۆژئاوای کوردستانی گرتەوەو بەپێی ئامارەكانی سەرۆكایەتی ئافادی توركیا، ژمارەی گیان لەدەستدان لە بوومەلەرزەکەی تورکیا و باکوری کوردستان بۆ ٣٥ هەزار و ٤١٨ كەس بەرزبووەتەوە. 
هەروەها روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سووریا رایگەیاندووە" پێنج هەزار و ٨٠١ کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستداوە و حەوت هەزار و ٣٩٦ کەسیش بریندارن". 



PM:10:01:17/02/2023