سۆران عومەر: نەوتی هەرێم بەتاڵان دەبرێت

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ساڵی ڕابردوو حکومەتی هەرێم لە فرۆشی هەر بەرمیلێک نەوت ٣٦ دۆلاری بۆ ماوەتەوە". 

سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پۆستێکیدا بە ناونیشانی (نەوتی هەرێم بەتاڵان دەبرێت) ڕایگەیاندووە" ساڵی ٢٠٢٢ حکومەتی هەرێم لەفرۆشی هەر بەرمیلێک نەوت ٣٦ دۆلاری بۆ ماوەتەوە، ٥١ دۆلاری بەناوی خەرجیەوە ڕۆشتووە". 

دەشڵێت" بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت کە لەڕێی حکومەتی هەرێمەوە وردبینی نەوتی هەرێم دەکات ڕێکخراوی ڕونبین بۆ شەفافیەت لەپرسەکانی نەوت شیکاری بۆ ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت کردووە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەناردەی نەوتی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٢دا ١٥٨ ملیۆن و ٣١٠ هەزارو ١٥١ بەرمیل بووە، داهاتی گشتیەکەی ١٢ ملیارو ٤٢٢ ملیۆن و ٢٦٠ هەزارو ٨٩٤ دۆلار بووە، لە کۆی ئەو داهاتە تەنها ٥ ملیارو ٧٠٩ ملیۆن و ٧٠٤ هەزارو ٨٧ دۆلاری بۆ داهاتی گشتی ماوەتەوە تەسلیمی وەزارەتی دارایی کردووە، ٦ ملیارو ٧١٢ ملیۆن و ٥٥٦ هەزارو ٨٠٧ دۆلاری بە ناوی خەرجیەوە ڕۆشتووە، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لەساڵی ٢٠٢٢ دا ١٠٠ دۆلارو ٧٤٣ سەنت بووە.

سۆران عومەر ڕاشیگەیاندووە" سۆمۆ ساڵی ٢٠٢٢ بەتێکڕا نەوتی عێراقی بە ٩٥ دۆلار و ٥٣٦ سەنت فرۆشتووە، بەڵام  هەرێم بەتێکڕا نەوتی بە ٨٧ دۆلارو ٩١٥ سەنت فرۆشتووە، واتە تێکڕا بە ١٢ دۆلارو ٨٢٨ سەنت کەمتر لەبرێنت نەوتی فرۆشتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان تێکڕا لە فرۆشی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک ٣٦ دۆلارو ٦٦ سەنتی بۆ ماوەتەوە، ٥١ دۆلارو ٨٤٩ سەنتی بۆ مەسرەف ڕۆشتووە، ئەمەیە کە دەوترێ نەوتی هەرێم بەتاڵان دەبرێت". 


PM:01:15:18/02/2023