روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایدەگەیەنێت، ڕێكخراوی داعش لە ماوەی هەفتەیەكدا ٩٠ كەسی مەدەنی و سەربازیی لە دەشتاییەكانی حەمس كوشتووە.
ڕوانگەی سووری لە راگەیەنراوێكدا ڕایگەیاندووە، دوێنێ لە ئەنجامی هێرشێكی خوێناویی چەكدارانی ڕێكخراوی داعش لەڕێگەی چەكی مامناوەند و سووكەوە بۆ سەر ژمارەیەك مەدەنی كە خەریكی كۆكردنەوەی دۆمەڵان بوون و خاڵێكی سەر بە هێزەكانی حكومەتی سووریا لە ناوچەی زەبیاتی گوندنشیننی سەخنە لە سنووری دەشتاییەكانی حەمس، ٦١ كەسی مەدەنی و ٧ سەرباز كوژران.
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، ڕۆژی ١٢ی شوباتیش، چەكدارانی ڕێكخراوی داعش زیاتر لە ٧٥ پیاو و ئافرەتیان لە ڕۆژهەڵاتی شاری تەدمور لە سووریا ڕفاند كە خەریكی دۆزینەوە و كۆكردنەوەی دۆمەڵان بوون و ١١یانی كوشت و چارەنووسی ٦٤ كەسیان دیار نییە و بۆ شوێنێكی نادیار ڕفێندراون.