پێشبینی باران بارین بۆ مانگی ئازار و نیسان راگەیەندرا


پسپۆرێکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات هەردوو مانگی ئازارو نیسان بارانێکی باش ببارێت و هەرێم وشکەساڵی تێپەڕێنێت.
 
ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی سەبارەت بەبارانبارینی مانگی ئازاری داھاتوو پێشبینی دەکات ئاستی دابارینی باران لەناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و رۆژھەڵاتی کوردستان و سوریا زیاتر ببێت و لە ئاستی نۆرماڵ کەمێک بەرزتر بێت ، تێکرای پلەکانی گەرما لە ھەرێمی کوردستان لە ئاستێکی ئاسایدا چاوەروان دەکرێت".

ئەو پسپۆرە دەشڵێت " بۆ مانگی ٤ (نیسان) پێشبینی زیاتر بەرزبوونەوەی رێژەی بارانبارین دەکرێت کە ئەمەش دڵخۆشکەرە و ئەگەر ھەیە لەماوەی تەنھا دوو مانگی ئازار و نیساندا لە زۆربەی ناوچەکەدا بڕی بارانی ئەمساڵ بگاتە رێژەی پێویست و ستاندارد کە بریتیە لە تێپەراندنی وشکە ساڵی".

ئاراز جەبار پێشبینییەکانی ساڵانی داهاتوو لەبارەی باران بارینەوە بەم شێوەیە دەکات لە ماوەی ١٠ رۆژی ڕابردوو ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە کەوتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی دڵخۆشکەری بارانبارینەوە کە لە زۆربەی ناوچەکاندا بڕی دابارینی باران بەڕاورد بە ساڵی ڕابردوو ئەم کاتە زیاترە وە بارینی رێژەیەکی باشی بەفر بارین لەناوچە شاخاویەکانیشدا ، بەگوێرەی چاودێری و پێشبینیەکان دیاردەی لانینا لەم مانگەدا لە قۆناغەکانی کۆتایدایە لە مانگی ئازاری داھاتوودا کۆتای پێدێت و قۆناغی بێلایەن یان نۆرماڵی سوری ئنیسۆ دەستپێدەکات کە تا کۆتا مانگی وەرزی بەھارمان لەم قۆناغەدا ئەمێنێتەوە ،وە بە تێکرای پێشبینی زۆربەی مۆدێل و چاودێریەکانی رەوشی پلەی گەرمی ڕووی دەریا و زەریاکان لە وەرزی ھاوینی ئەمساڵدا دیاردەی ئێل نینیۆ دەستپێدەکات کە قۆناغی گەرمبوونەوەی ئاوەکانی ناوچەی رۆژئاوا و ناوەراستی زەریای ھێمنە کە لەماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا بۆ دوو وەرزی بارانبارین ٢٠١٥-٢٠١٦ و ٢٠١٨-٢٠١٩ دیاردەی ئێل نینیۆمان ھەبوو کە ئاستی بارانبارین لەسەرتاسەری ناوچەکانی ھەرێمدا لەماوەی ئەم دوو وەرزە بۆ سەروو تێکرایەکانی بەرزبوونەوەو ساڵێکی تەروو پر بارانمان ھەبوو ، دیارە کۆمەڵێک ھۆکار و دیاردەی دیکەش ھەن کە کاریگەریان لەسەر گۆڕانی کەشوھەوای جیھان ھەیە کە زەریای ھێمن وەک گەورەترین زەریای ھەسارەکەمان رۆڵێکی بەرچاوی ھەیە لەم گۆڕانکاریانەدا و زیاتر گرنگی پێئەدرێت کە بۆ ھاوینی ئەمساڵ گەرانەوەی دیاردەی ئێل نینیۆ ھۆکارێکی گرنگ ئەبێت بۆ زوو دەستپێکردنی وەرزی باران و بەرزبوونەوەی ئاستی دابارین لە وەرزی پایزی ٢٠٢٣ دا .



PM:11:16:18/02/2023