ڤیدیۆ: سەرکردەی هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق دەڵێت: ئێمە بەنداوی موسڵمان رزگار کرد

‌فەریق عەبدولغەنی ئەسەدی و لیوا فازل بەرواری
سەرکردەی هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق فەریق روکن عەبدولغەنی ئەسەدی دەڵێت" هێزەکانی نوخبە لە هێزی دژە تیرۆری حکومەتی عێراق بەنداوی موسڵیان رزگارکردووە"و هیچ باسی پێشمەرگە ناکات.

ئەم ڤیدیۆیە کە لە کەناڵی (ئافاقی) حیزبەکەی نوری مالکیەوە بڵاوکراوەتەوە، فەریق روکن عەبدولغەنی ئەسەدی پێشان دەدات لە بەغداوە دێتە دهۆک بۆ بەسەرکردنەوەی هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق کە لەبەنداوی موسڵ جێگیربوون.

کاتێک کە دەگاتە بەنداوی موسڵ لەلایەن لیوای کورد فازل بەرواری کە سەرکردەی هێزی زەهەبی عێراقە پێشوازی لێدەکرێت. لە چوار دەوری لیوا فازل هێزێکی عێراقی عەرەب دەبینرێت کە خۆیان بەهێزی دژە تیرۆری عێراق هێزی دیالە دەناسێنن.

سەرکردەی هێزی دژە تیرۆری عێراق فەریق روکن عەبدولغەنی ئەسەدی کە قسە بۆ سەربازە عێراقییەکان دەکات تەنها هێزەکەی عێراق بە رزگارکاری بەندوای موسڵ دەزانێت.

دواتریش فازل بەرواری قسەیەکی کورت دەکات و باس لە کۆنترۆڵکردنی بەنداوەکە دەکات. لەکۆتایی قسەکاندا هێزێکی پێشمەرگە دەردەکەوێت لەگەڵ ئەفەسەرێکی عێراقدا بەخێرهاتنی یەکتری دەکەن.
  



PM:07:32:31/08/2014