پێشمەرگەیەكی خەڵکی ڕوانسەر بە نهێنی لە سێدارە درا

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە چالاکوانێکی سیاسی خەڵکی شاری ڕوانسەر کە ماوەی دوو ساڵە لە بەندیخانەی ناوەندی حکومەتی ئێران لە کرماشان بەندکراوە بە نهێنی لە سێدارە درا. 

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای سێدارەی هاوڵاتییەک بە ناوی سەرکەوت (ئارش) ئەحمەدی، چالاکی سیاسی خەڵکی شاری ڕوانسەر، بە نهێنی لە بەندیخانەی دیزڵ‌ ئاوای کرماشان جێبەجێ کرا.

سەرکەوت ئەحمەدی، تەمەن ٢٩ ساڵ، چالاکی سیاسی و ئەندامی پێشووتری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لە مانگی جەنیوەری ساڵی ڕابردوو لە کاتێکدا وازی لەو حیزبە هێناوە و بە مەبەستی چوون بۆ ئەورووپا ڕێی کەوتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئورمیە پەڕیوەی باکووری کوردستان دەبوو، لەلایەن هێزە حکومەییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستگیرکرا و بۆ بەندیخانەی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکومەتی ئێران لە کرماشان گواستراوەتەوە.

ناوبراو دواتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامی هێزەکانی پاراستن (ئینتزامی) بە ناوی حەسەن مەلەکی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا. 

چەند ڕۆژێک دوای كوژرانی ئەو پلەدارەی هێزە حكومەتییەكانی ئێران، ١٢ كەس لە ئەندامانی بنەماڵەی سەركەوت ئەحمەدی، وەك باوك، خوشك و كەسوكاری دەستگیركران، ئەو كات سەركەوت لە شاری سلێمانی باشووری كوردستان بوو.


PM:02:30:22/02/2023