لە مانگی ٢٠٢٢/١٠ قوتابیان هاوکاری دەکرێن


سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین رایگەیاند " لە مانگی ١٠ ی ساڵی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ پارەی مانگەکانی ڕابردووشیان پێ دەدرێت".

دکتۆر کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاندووە '' تەرخانکردنی مانگانە حەوت ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینار بۆ قوتابییان هەنگاوێکی زۆر گرنگە کە وەکوو پاڵپشتییەکی دارایی بۆ قوتابییان خەرج دەکرێت و هاوشێوەی ساڵی ڕابردووی خوێندنە و ئەو پارەیە بۆ ئەمساڵی خوێندنیش لە سەرەتای دەوامەوە بۆیان حیساب دەکرێت، کە لە مانگی ١٠ی ئەمساڵەوە دەوامیان دەستی پێ کردووە".

دکتۆر کامەران یونس وتیشی: ''بۆ قوتابییانی دەرەوەی شار ٦٠ هەزار و بۆ قوتابیانی ناو شاریش ٤٠ هەزار دینارە، ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە و وادەی دابەشکردنەکەش لەسەر وەزارەتی دارایی دەمینێتەوە، چونکە حکوومەت بڕیارەکەی دەرکردووە و وەزارەتی دارایی جێبەجێی دەکات، ئێمەش هەرکاتێک داوامان لێ بکەن هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و لیستی ناوی قوتابییان ئامادەیە.''

سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین هیوای خواست لەم مانگەوە پارەکە بدرێت و هەنگاوێکی دڵخۆشکەرە و تەنها لە زانکۆی سەلاحەددین ٢٥ هەزار قوتابی لەو هاوکاری و پاڵپشتییە داراییەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوودمەند بن.



PM:07:43:25/02/2023