وەزیرێكی یەكێتی بایكۆتی شكاند و بەشداری چالاكییەكی حكومی كرد


حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پشكی یەكێتی بڕیارێكی حیزبەكەی شكاند كە بڕیاریان دابوو بایكۆتی چالاكییەكانی حكومەتی هەرێم بكەن.

ئەمڕۆ لەشاری هەولێر كۆنفرانسی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لەژێر ناونیشانی (پرسی زمان لە ڕاگەیاندن و ڕیكلامی بازرگانی) بەڕێوەچووە كە تییدا حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و چەند وەزیر و بەرپرسێكی دیكەش بەشداربوون.

بەشداربوونی وەزیری رۆشنبیری لە پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەكاتێكدایە ماوەی نزیكەی پێنج مانگە بەهۆی ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتییەوە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم (ماوەبەسەرچوو) و تیمی یەكێتی بایكۆتی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیان كردووە و لە دوا هەڵوێستیشدا بڕیاریان داوە بایكۆتی چالاكییەكانی حكومەت بكەن، بەڵام بەشداریكردنی وەزیری رۆشنبیری لەو چالاكییەی وەزارەتەكەی، شكاندنی ئەو بایكۆتەی حیزبەكەی بوو.



PM:11:44:26/02/2023