بەرشەلۆنە لەگەڵ مانچستەر سیتی کۆدەبێتەوە بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەک

 گومانی تێدا نییە کە بەرشەلۆنە ، یانە ئیسپانییەکە، دەچێتە بازاڕەوە بۆ ئەوەی هاوینی داهاتوو گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکی نوێی هێڵی ناوەڕاستدا بگوازێتەوە.


  ئەگەر دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ سێرجیۆ بوسکێتس پێشتر لە پێشینەی کارەکانیدا نەبووبێت ، ئەوا لاوازی هێڵی ناوەڕاستی یانەکە لە یارییەکانی ئەم دواییەدا بە توندی ئاشکرا بووە بەهۆی نەبوونی پێدری پێکراوەوە.


 ئەمەش تیشکی خستۆتە سەر پێویستی یاریزانێکی نوێی هێڵی ناوەڕاست لە هاوینی داهاتوودا ، یاریزانێک کە نەک هەر بتوانێت کوالیتی پێکهاتەی ئێستا بەرز بکاتەوە، بەڵکو بە خێرایی ئەزموون و سەقامگیری لەگەڵ فەلسەفەی تاکتیکی چاڤی دابین بکات.


 هەر ئەمەشە وایکردووە بەرشەلۆنە چاوێکی وردی لەسەر ئیلکای گۆندۆگان بێت، ئەستێرەکەی مانچستەر سیتی بە یەکێک لە یاریزانە سەرنجڕاکێشەکانی بازاڕ دادەنرێت، گرێبەستەکەی ئێستای لە یاریگای ئیتیحاد لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتایی دێت.


  بەگوێرەی ڕۆژنامەنووسی ئیسپانی خوان فۆنتیس، یانەی بەرشەلۆنە لە ئێستاوە دەستیکردووە بە پرۆسەی گواستنەوەی گۆندۆگان بە گواستنەوەی بێبەرامبەر لە هاویندا.


 چوارشەممەی ڕابردوو بەرپرسانی یانەکە لەنێویاندا خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە چاویان بە تیکسی بێگیرستانی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی مانچستەر سیتی و فێران سۆریانۆ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەکە کەوت و گفتوگۆیان لەسەر داهاتووی گۆندۆگان کرد.


 هەروەها یانەی بەرشەلۆنە پەیوەندییەکی نایابی لەگەڵ مامی گۆندۆگان هەیە کە وەک بریکاری یاریزانە ئەڵمانییەکە کاردەکات.


 بەرشەلۆنە بەڕوونی دەرفەتی ئەوەی هەیە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا گۆندۆگان بە گواستنەوەی بێبەرامبەر  بگوازێتەوە، بەڵام یانەکە بەهۆی مەرجەکانی مووچەی یاریزانەکەوە نیگەرانن.


 گۆندۆگان لە ئێستاوە دەیەوێت گرێبەستێکی دوو ساڵە و مووچەی 10 ملیۆن یۆرۆ بۆ هەر وەرزێک، کە پارەیەکی زۆرە بۆ یانەی بەرشەلۆنە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئابووری ئێستا.


PM:01:21:27/02/2023