زانیاری نوێ سەبارەت بە تۆماركردنی ئوتومبیلە بێ سەرەتاكان


بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، هیچ بەرنامەیەك بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بوونی نییە، بۆ دانانی كامێراكانی (خاڵ بۆ خاڵ)یش روونیكردۆتەوە، ئەو كامێرایانە بۆ كەمكردنەوەی تیژڕەوییە.

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە بەرنامەی (تاوتوێ)ی ئێن ئاڕ تی رایگەیاندووە، ئامانج لە جێگیركردنی كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ و تیژڕەوییە، چونكە قوربانییەكی زۆری بە شێوەی حاڵەتی گیان لە دەستدان و برینداربوون لێدەكەوێتەوە.

میرانی رونیكردۆتەوە، زۆربەی هۆكارەكانی زۆربوونی رووداوەكانی هاتوچۆ لە جیهان تیژڕەویی و بێ ئاگاییە و زۆربەی ئەو رووداوە هاتوچۆیانەی بەهۆی بێ ئاگاییەوە روویداوە لە ئەنجامی بەكارهێنانی مۆبایل بووە لە لایەن شۆفێرەوە.

سەبارەت بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكانیش، هێمن میرانی وتویەتی، هیچ بەرنامەیەك بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بوونی نییە، چونكە گومانیان لێدەكرێت تاوانی پێ ئەنجام درابێت یاخود لە خاوەنی راستەقینەیان دزرابێت و تەنانەت بە گوێرەی یاسا هاتوچۆكردنیان لەسەر شەقامەكان قەدەغەیە.



PM:09:32:28/02/2023