كەسێكی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی هۆشداری دەدات


شوان داودی، كەسێكی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی، هۆشداری لە دۆخی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەدات و رایدەگەیەنێت، بە داخەوە ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، دوا فیشەكی بە جەستەی یەكێتیەوە نا و بێ باكانە خۆی لە پەیامەكەی لاهور شێخ جەنگی بێ ئاگا كرد.

شوان داودی، كەسێكی نزیك لە لاهور شێخ جەنی لە وتارێكدا رایگەیاندووە، بە داخەوە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەمڕۆ لە كۆڕبەندی هەولێر دوافیشەكی بە جەستەی یەكێتیەوە نا، بێ باكانە خۆی لە پەیامەكەی لاهور شێخ جەنگی بێ ئاگا كرد بئ ئاگا لەوەی یەكێتی بەرەو كوێ دەبات.

داودی روونیكردۆتەوە، بەوەش كاری هاوبەشی ڕەتكردەوە و نوقڵانەی كەرت بونی یەكێتی لێدا و یەكێتی خستە قۆناغێكی ترەوە كە لە ئەمڕۆوە ئیتر دوو یەكێتی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و كوردستان كار دەكەن  .

دەقی پەیامەكە.. 


دوو یەكێتی نیشتمانی كوردستان
شوان داودی
دوای دان بەخۆدا گرتنێكی زۆر لە كودەتای 8ی تەموزی نێوخۆیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ڕۆژ بەڕۆژ خراپ بونی دۆخی ئەو حزبە لە هەموو ئاست و كایەكان و ڕەنگدانەوەی دۆخی خراپی حزبەكە  و كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر هەرێمی كوردستان بە گشتی و زۆنی سەوز و شاری سلێمانیەوە بەتایبەتی داناوە ، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان  هەفتەی ڕابردوو  2023/2/22 پشت بەستوو بە پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی و بڕیاری دادگا و بنەماڵەی شەهەیدان و هێزی پێشمەرگە و تێكۆشەرە دێرینەكان و گەنجە خوێن گەرمەكان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و بەسوود وەرگرتن لە هاوكێشە تازە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێو دەوڵەتیەكان ، بێ دەنگی شكاند و پەیامێكی نوسراوی ئاڕاستەی ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەكەی كرد و دواتر لە پەیامێكی ڤیدیوێی لە سەر پەیامەكەی بڵاو كردەوە و دەرفەتێكی تازەی خستە بەردەم   سەركردایەتی حزبەكەی بۆ كاری هاوبەش بە ئومێدی  ڕاستكردنەوەی باری لاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان و باش كردنی دۆخی نەخوازراوی زۆنی سەوز  و بەهێز كردنەوەی پێگەی هەرێمی كوردستان .
لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێكانی بە بەرچاو ڕونی تەواوەوە بۆ دۆخی یەكێتی و زۆنی سەوز ، دۆخی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێم ، دۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان ، دۆخی هێزی پێشمەرگە ، دۆخی عێراق  ،دۆخی وڵاتانی دراوسێ ، دۆخی پارچەكانی تری كوردستان و ئاگادار لە هاوكێشە تازەكان و لەسەر داوای چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئەو بڕیارەیان داوە وەك ئەركی مێژویی خۆیان بەرپرسیارێتی ڕاستكردنەوەی ئەو دۆخە نەخوازراوە هەڵگرن و درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن  ..بۆ ئەو مەبەستەش پلانی( A'B'C ) یان داڕشتووە  و وەك هەنگاوی یەكەم دەستی هاوكاری و هەماهەنگی و كاری هاوبەش ئاڕاستەی هەڤاڵان و هاوسەنگەرانی خۆیان لە سەركردایەتی یەكێتی كردوە چونكە خۆیان بە یەكێتی دەزانن و مێژوی یەكێتی بە مێژوی خۆیان دەزانن .
لە حاڵەتی بەدەنگەوە نەهاتن و پشتگوێ خستن و نەخوێندنەوەی پەیامەكە بێ باك بون لەو مێژوە هاوبەشە  بەرپرسیارێتی  لە دەستدانی ئەو دەرفەتە بۆ كاری هاوبەش دەكەوێتە ئەستۆیان و یەكێتی دەخەنە بەردەم دوڕیانێكی تری نەخوازراوەوە ،
چونكە كەس ئامادە نیە دەستبەرداری مێژوی خۆی بێت و بۆ درێژەدان بەو مێژووە هەر لە ژێر ناوی یەكێتی دا درێژە بە خەبات دەدەن و كاری سیاسی خۆیان دەكەن بەپێی ڕێكارە یاساییەكان دەچنە پرۆسەی  هەڵبژاردنەوە بەمەش یەكێتی لە هەڵبژاردنی ئایندە زیاتر لە لیستێكی دەبێت  .
بە داخەوە باڤڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان  ئەمڕۆ  2023/3/1 لە كۆڕبەندی هەولێر دوافیشەكی بە جەستەی یەكێتیەوە نا، بێ باكانە خۆی لە پەیامەكەی لاهور شێخ جەنگی بێ ئاگا كرد بئ ئاگا لەوەی یەكێتی بەرەو كوێ دەبات بەوەش كاری هاوبەشی ڕەتكردەوە و نوقڵانەی كەرت بونی یەكێتی لێدا و یەكێتی خستە قۆناغێكی ترەوە كە لە ئەمڕۆوە ئیتر دوو یەكێتی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و كوردستان كار دەكەن  .





PM:10:11:01/03/2023