سەرۆک وەزیرانی عێراق: کەمی ئاو قەیرانێکی جیهانییە

ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی یەکەم دانیشتنی کۆمیتەی باڵای نیشتمانی ئاوی بە ئامادەبوونی وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، ئاوەدانکردنەوە، نیشتەجێکردن، شارەوانییەکان، کشتوکاڵ و ژینگە، سکرتێری گشتی لە ئەنجوومەنی وەزیران، بەڕێوەبەرانی گشتی لە وەزارەتە کەرتییەکان، و نوێنەرانی دەسەڵاتی ڕاوێژکاران کرد. 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کەمی ئاو و کاریگەرییەکانی لەسەر لایەنی مرۆی و کشتوکاڵی کرد و میکانیزمەکانی پشتیوانیکردن لە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لە پلانەکانیدا کە ئامادەبوو بۆ چارەسەرکردنی کەمی ئاو خرانەڕوو، هەروەها باس لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەم چوارچێوەیەدا کرا. 

محەمەد شیاع سودانی جەختی لەوە کردەوە کە کەمی ئاو قەیرانێکی جیهانییە، تەنها لە عێراق سنووردار نییە و نابێت تەنها لە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاودا سنوردار بکرێت و پێویستی بە بڕیاردان هەیە بە خێرای جێبەجێ بکرێت.

وتیشی" قەیرانی ئاو پێویستی بە چارەسەری یاسایی و جێبەجێکردن هەیە کە پشت بە وتوێژ لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوە و بەرژەوەندی هاوبەش و هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەم بوارەدا دەبەستێت".

هەروەها لە دانیشتنەکەدا باسکردنی پلانی کشتوکاڵی و ئەو بەربەستانەی کە ڕووبەڕوی دەبێتەوە، بڕیاردرا بە پێدانی قەرزی بچووک بەو جوتیارانەی کە میکانیزمی ئاودێری مۆدێرن بەکاردەهێنن، بە پشتبەستن بە ئاودێری بە نڕەشە و دڵۆپ دڵۆپ.



PM:08:47:02/03/2023