ئەنتۆنی بلینکن: پوتین دەتوانێت سبەینێ کۆتایی بە جەنگ بهێنێت

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت" سەرۆکی ڕوسیا ئەگەر بیەوێت دەتوانێت سبەینێ کۆتایی بە جەنگ و هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆسەر ئۆکرانیا بهێنێت". 

ئەمڕۆ پێنج شەممە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سێرگی لاڤرۆڤ هاوتا روسییەکەی لە پەراوێزی لوتکەی گروپی ٢٠ لە شاری نیودەلهی لە هیندستان کۆبوونەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ڕێککەوتن لەسەر هەناردەکردنی دانەوێڵە لە دەریای ڕەش لەلایەن ڕوسیاوە هەڕەشەی لێدەکرێت، وڵاتانی ئەفریقاش بەهۆی قەیرانی خۆراکەوە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری شەڕەکەوە". 

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا پشتگیری لە ئۆکرانیا دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە لەسەر بنەمای دەستپێشخەری سەرۆکی ئۆکرانیا فۆڵدیمیر زێلینسکی.

وتیشی" سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا دڵنیا دەکەمەوە ئەمریکا بۆ هەمیشە ئامادەیی هەیە بەمەبەستی قسەکردن لەسەر کۆنترۆڵکردنی چەکی ستراتیژی".

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داواشی لە لاڤرۆڤ کرد بڕیاری نابەرپرسیارانە بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی پەیمانی ستارت بکێشێتەوە.


PM:10:23:02/03/2023