لەسەر زیادکردنی نرخی بەنزین
پارتی .. یەکێتی‌و گۆڕان تۆمەتبار دەکەن

لەسەر بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان کە سەر بەپارتییە دەڵێت" کەس ھێندەی وەزیری دارایی و جێگری سەرۆکی حکوومەت پێداگرییان نەکردووە کە حکوومەت لەو نرخە کەمتر، ناتوانێت بەنزین بە ھاووڵاتیان بفرۆشێت".

لە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دڵشاد شەعبان دەڵێت " پەرلەمان ھۆکارێکی سەرەکییە کە نرخی بەنزین بەرز بووەتەوە، چونکە ئەگەر پێداگریی زیاتری کردبا، حکوومەت دەهاتە ژێر باری ئەوەی کە، بە کەمتر لەو نرخە بەنزین بە ھاووڵاتیان بفرۆشێت.

جەختیش دەکاتەوە، بانگھێشتکردنی وەزیری سامانە سرووشتییەکان بۆ پەرلەمان مەبەستێکی سیاسییە، ئەگەر نا، کەس ھێندەی وەزیری دارایی و جێگری سەرۆکی حکوومەت پێداگرییان نەکردووە کە حکوومەت لەو نرخە کەمتر، ناتوانێت بەنزین بە ھاووڵاتیان بفرۆشێت".

 دڵشاد شەعبان ) بۆ kdp.infoی ڕوون کردۆەتەوە "پێش ئەوەی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا کۆ ببینەوە، بڕیار بوو چەند پێشنیازێک بخەینە ڕوو، بۆئەوەی بتوانین لەبارەی نرخی بەنزینەوە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتدا بکەین، بەڵام لەناکاو سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان باسی لەوە کرد،  تا 600دینار زیاتر گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەت ناکەین، ئەم پێشنیازەی خستە دەنگدان لەناو لیژنەکە و بە کۆی دەنگ پەسەند کرا، من پێشنیازێکی باشم ئامادە کردبوو وەکو فراکسیۆنی پارتی، کە نرخی ھەر لترێک700 دینار بۆ ھەمووان بێت، کە بۆ حکوومەت و ھاووڵاتیانیش گونجاوە."

(دڵشاد شەعبان) زیاتر روونی کردەوە، "کە چوینە کۆبوونەوە لەگەڵ حکوومەت، بیانووی حکوومەت زۆر بەھێزتر بوون لە ھیی پەرلەمان، بەوەی کە ناتوانن بەم جۆرە نرخانە بەنزین بە ھاووڵاتیان بدەن، بۆیە من کاتێک باسی پێشنیازەکەی خۆمم کرد، سەرۆکی لیژنە و ئەندامانی دیکە گوتیان ئەمە رای لیژنەی ئێمە نییە و، ئێوە چۆن نرخەکە دادەنێن داینێن."

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان جەختی کردەوە: "ئەگەر پێشنیازەکەی من خرابایە ڕوو، حکوومەتی پێی رازی دەبوو و لە جیاتی 900دینار لەئێستادا ھاووڵاتیان بە 700دینار بەنزینیان دەکڕی، بۆیە لەئێستادا پەرلەمان ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین".
ئەو لێدوانەی ئەو بەرپرسە لەکاتێکدایە کە دوورۆژە زۆربەی شارۆچکەکانی سلێمانی خۆپیشاندانی گەورەیان بە خۆوە دیوەو پێشبینی دەکرێت ببێتە خۆپیشاندانی سەرتاسەری و هەرێم هەمووی بگرێتەوەو هەر ئەمرۆ خۆپیشاندان لەهەولێر لەبەرەدم پەرلەمانیشدا دەستیپێکرد.



PM:12:01:02/09/2014