بارانی بەخوڕ و تەرزە دەستپێدەکات


نا سەقامگیریەکی بەهێز پارێزگای سلێمانی دەگرێتەوەو سەرەتا بە خۆڵبارین دەستپێدەکات و پلەی گەرما ٥-٦ پلە دادەبەزێت و دواتر بە بارانی بەخوڕ و تەرزە تا کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت و، وەرزێکی زستانە دەگەرێتەوە.

ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی لە راگەیاندنێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە حاڵەتێکی بەھێزی ناسەقامگیری کەشوھەوا ناوچەکانمان دەگرێتەوەو" لە رۆژی دووشەمەوە ٦ی ئازار ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەک لەدەریای ناوەراستەوە ھاوکات بارستە ھەوایەکی شێدار و فێنکی لەگەڵدا ئەبێت کە لە سەرەتای ھاتنی ئەبێتە ھۆی ناجێگیربوونی کەش و ھەوای ناوچەکە ھەر لە زیادبوونی خێرای با و خۆڵبارین و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بەرێژەی ٥ تا ٦ پلەی سەدی".

ئەو پسپۆرە ئەوەش دەخاتەروو کە پاشان چالاکبوونی ھەورە بروسکە و تاوە باران لەکات و ناوچەی جیاجیادا بەتایبەت بەگوێرەی خوێندنەوەی نەخشە جیاوازەکان بە تێکرا لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان کاریگەری ئەم شەپۆلە چالاکتر ئەبێت ئەگەری گەشەسەندنی ھەورە بروسکەی بەھێز و تاوە تەرزە و بارانی بەخوڕی لێئەکرێت و تا رۆژی ھەینی ١٠-٣-٢٠٢٣ بەردەوامی ئەبێت".

ئاراز جەبار ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئەو ناسەقامگیریە بەشێوەیەک جار جار کەشەکە ئاسایی ئەبێتەوە و پاشان تاو تاو باران و بروسکە دەستپێدەکاتەوەو ئەم شەپۆلە زیاتر لەسەر ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیانە .

ئەو پسپۆرە باس لەوەش دەکات کە شەپۆلەکە ھەفتەکانی دواتر ئەگەری گەرانەوەی کەشی زستانە و سارد ھەیە لەگەڵ ھاتنی شەپۆلی مەودا فراوانی باراناوی بە ئاراستەی ناوچەکانمان.



PM:08:06:04/03/2023