ئاراس جەنگی: ئێمە خاوەنی یەکێتین، نەک ئەو یەکێتیەی بافڵ ناوی ناوە شێتخانە


ئاراسی شێخ جەنگی لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت" ئێمە خاوەنی یەكێتین و بۆی ژیاین و خەباتمان بۆیكرد، نەوەك ئەو یەكێتیەی ئەو بافڵ تاڵەبانی ناوی ناوە شێتخانە".

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ لە بازگەی سلێمانی – دوکان بەهۆی بینینی ئەژی ئەمین بەرپرسی پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی لە هەولێر، بۆ ماوەیەک رێگا لە ئاراس شێخ جەنگی برا گەورەی لاهور جەنگی گیراوە، دوای رێگا پێدانی، هێزێکی بەرچاو لەلایەن لاهور شێخ جەنگیەوە هاتوون بە دەنگی ئاراسی برایەوە.

لەو روونکردنەوەیەدا ئاراس شێخ جەنگی دەشڵێت "دوای ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوو بافڵ تاڵەبانی لە کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر ڕایگەیاند من حەزم لەو شێتخانەی حیزبایەتیە، دیارە ئەمە سوكایەتیەكی گەورەیە بە یەكێتی و بەو خەباتەی كە زیاتر لە ٢٢ هەزار كەس لە پێناویدا شەهید بوون، ئەو حیزبە گەورە و خاوەن مێژوو قوربانی دانەو ئەو حیزبەی سەرۆکەکەی جەنابی مام جلال بوو خاوەنی ڕوبارێک خوێن و داستانە".

جەنگی دەشڵێت" ناوبراو ناوی لە یەکێتی ناوە شێتخانەی حیزب، بۆیە منیش وەک وەڵامێکی تەنز ئامێز پۆستێکم کرد وتم یەکێتی شێتخانەکانی کوردستان بەو مانایەی باشترە ناوبراو مادەم حەزی لە شێتخانەیە با واز لە یەکێتی بێنێ و حیزبێکی تر بەناوی یەکێتی شێتخانەکانی کوردستان دابنێ".

ماوەی دوو هەفتەیە دوای بڕیاردانی دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر کە لاهور جەنگی وەک هاوسەرۆک ناساند، بە پێچەوانەشەوە دادگای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆک ناساند، بارگرژی نێوان ئامۆزکان بەرەو هەڵکشان دەچێت. 



PM:09:47:04/03/2023