لە هەولێر هاوڵاتییەک لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کوژرا

وتەبێژى پۆلیسى هەولێر ڕایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ هاوڵاتییەکی تەمەن ٤٢ ساڵ و باوکى پێنج منداڵ لەلایەن برایەکى هاوژینەکەیەوە کوژرا". 

هۆگر عەزیز وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە لە بوونی ڕووداوێکی کوشتن لە شەقامی کوران، دەست بەجێ تیمێکی لێکۆڵەر لە بەڕێوەبەرایەتیمان گەشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دەست بە لێکۆڵینەوە کرا". 

دەشڵێت" لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، هاوڵاتییەک بەناوی (شوان عومەر قادر) تەمەن (٤٢) ساڵ، کە باوکى پێنج منداڵە، لەلایەن برایەکى هاوژینەکەیەوە بەهۆى کێشەی کۆمەڵایەتى کوژراوە".

وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى هەولێر باسی لەوەشکردووە، لە ئێستادا هێزەکانیان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ ئەوەی بکەری تاوانەکە دەستگیر بکەن، پەڕاوی لێکۆڵینەوەش کراوەتەوە، بۆ ئەوەی ڕێڕەوی یاسایی بەرامبەر گومانلێکراو بگرنە بەر.


PM:01:54:05/03/2023