لاهور شێخ جەنگی پەیامێكی نوێی وەك "هاوسەرۆك"ی یەكێتی بڵاوكردەوە


لاهور شێخ جەنگی پەیامێكی نوێی بۆ یادی راپەڕین وەك "هاوسەرۆك"ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڵاوكردەوە و رایدەگەیەنێت، دوای تێپەڕبوونی ٣٢ ساڵ بەسەر ئەو ڕاپەڕینە مەزنەدا، ئێستا كەمینەیەكی خۆسەپێن دەیانەوێت بە یادەوەری و بە دروشمی دوژمنكارانە جەماوەر لە چاوەڕوانیدا بهێڵنەوە.

لاهور شێخ جەنگی، لەو پەیامەیدا رایگەیاندوە، دوای چەندین ساڵ چاوەڕوانی و لەم ساڵیادەی ڕاپەڕیندا جارێكی تر دووپاتی دەكەمەوە كە لە شێوازی حكومڕانیكردنی ئەم هەرێمەدا هەڵەی گەورە كراوە و پێچەوانەی دروشمەكانی ڕاپەڕین و چاوەڕوانییەكان كاركراوە، پێویستە بە پشتیوانی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان ئەم شێوازە چەوت و نالەبارە ڕاست بكەینەوە.

دەقی پەیامەكە..


كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
 پیرۆزبایی (٣٢)هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینتان لێ دەكەم
٣٢ ساڵ لەمەوبەر، لە ڕۆژێكی پیرۆزی وەكو ئەمڕۆ و لە دەروازەی ڕاپەڕینەوە، بە بەخشینی خوێنی هەزاران شەهید و قوربانیدانی هەزاران تێكۆشەر و قارەمان، بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆ و كارای كۆمەڵانی خەڵك، كۆتایی هێنرا بە دڕندەترین ڕژێمی دیكتاتۆری و لەناوبردنی ڕژێمی بەعسی خوێنڕێژ.

هەر لەو ڕۆژەوە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، دایكی شەهیدان، بە هەناسەی ئازادییەوە چاوەڕوانی خۆشگوزەرانی و دابینكردنی ژیانێكی شایستە و ئایندەیەكی باشتریان دەكرد، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ٣٢ ساڵ بەسەر ئەو ڕاپەڕینە مەزنەدا، ئێستا كەمینەیەكی خۆسەپێن دەیانەوێت بە یادەوەری و بە دروشمی دوژمنكارانە جەماوەر لە چاوەڕوانیدا بهێڵنەوە، دەیانەوێت ئەو ئازادیی و دیموكراسییە زەوت بكەن كە بەرهەمی ڕاپەڕین بوو، تەنانەت بوونەتە مەترسی لەسەر دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین و ئەزموونەكەشمان، هەڵسوكەوت و ڕەفتارە هەڵە و ناپەسەندەكانی ئەو كەمینە بەناو سیاسییە سەروەریی یاسا و مافەكانی مرۆڤ و ئاسایشی كار و كەسابەت و ژیانی هاووڵاتیانیان خستۆتە مەترسییەوە.

دوای چەندین ساڵ چاوەڕوانی و لەم ساڵیادەی ڕاپەڕیندا جارێكی تر دووپاتی دەكەمەوە كە لە شێوازی حكومڕانیكردنی ئەم هەرێمەدا هەڵەی گەورە كراوە و پێچەوانەی دروشمەكانی ڕاپەڕین و چاوەڕوانییەكان كاركراوە، پێویستە بە پشتیوانی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان ئەم شێوازە چەوت و نالەبارە ڕاست بكەینەوە، ڕاشكاو و ڕاستگۆبین لەگەڵ كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، چیتر میللەتەكەمان بە پەیام و دروشمی بریقەدار لە چاوەڕوانیدا نەهێڵینەوە. ڕێگە بە عینادیی سیاسی و خۆسەپێنی نەدرێت تا كۆمەڵانی خەڵك بیر لە ڕاپەڕینێكی تر نەكەنەوە بۆ ڕزگاربوون لەو زوڵم و ستەمەی ئێستا لێیان دەكرێت.
لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان



PM:07:31:05/03/2023