زانیاری نوێ سەبارەت بە دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی لەناو یەكێتی


سەرچاوەیەك لە نێو یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی وەك "هاوسەرۆك" لەنێو حیزبەكەیان كۆتایی هاتووە و كۆمسیۆنی بەغدادیش یەكلایی كردۆتەوە.

سەبارەت بەوەی شەوی رابردوو لاهور شێخ جەنگی جارێكی دیكە وەك "هاوسەرۆك"ی یەكێتی پەیامی بڵاوكردەوە، سەرچاوەیەكی باڵای نێو یەكێتی بۆ (سپی) رایگەیاند، هەرچەندە بڕیاری دادگای ئاسایشی هەولێر هەیە بۆ ئەوەی لاهور شێخ جەنگی وەك هاوسەرۆكی یەكێتی كارەكانی بكات، بەڵام ئەوان كار بەو بڕیارە ناكەن، چونكە بڕیارەكە لەلایەن دادگایەكی ئەمنییەوە دەرچووە نەك مەدەنی.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكرد، لەكۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی بەغدادیش یەكلایی بۆتەوە كە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆك نەماوە و لە ناو یەكێتیش ئەو دۆسیەیە كۆتایی هاتووە و هەموو بڕیارەكان پەیڕەوی بوون.

سەرچاوەكە روونیكردەوە، ئاساییە لاهور شێخ جەنگی، حیزبێكی نوێ دروست بكات بۆ ئەوەی لە پەرلەمان كورسی بەدەست بهێنێت، دەربارەی ئەوەی ئەگەر لیست دروست بكات، مەترسی لەسەر یەكێتی دروست ناكات، ئەو سەرچاوەیە وتی، نەخێر هیچ مەترسی نییە، چونكە دەركەوتووە هەموو جیابوونەوەیەك لە نێو یەكێتیدا بە شكست كۆتایی هاتووە. 
 



PM:08:30:06/03/2023