شاندێكی عێراق بۆ دۆسیەی دامەزراندن لە هەرێمن


شاندێكی ئەنجومەنی راژەی حكومەتی عێراق گەیشتە هەولێر و ئامانجی سەردانەكەش پەیوەست بە دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی هەرێم و ئەو كەسانەی خاوەن بڕوانامەی ماستەر و دكتۆران.

بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، د.ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا لەكاتی پێشوازیكردنی لە شاندی ئەنجومەنی راژەی حكومەتی عێراق، بەرۆژنامەنوسانی راگەیاندووە، ئامانجی سەردانەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی راژە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردنە لەسەر چوار دۆسییە، یەكێك لە دۆسییەكانیش پرسی دامەزراندنی یەكەمی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمە.

ناوبراو ئمژەی بەوەكردووە، دۆسیەی دووەمیش پەیوەندی هەیە بە دامەزراندنی ئەو كەسانەی خاوەن بڕوانامەی ماستەر و دكتۆران و تائێستا دەرفەتی كاركردنیان بۆ نەڕەخساوە، دۆسیەی سێیەم و چوارەمیش تایبەتە بە سێ یەكەمی ناوچە دابڕێنراوەكان كە لە زانكۆكانی كوردستان خوێندویانە، لەگەڵ ئەو كەسانەی خۆیان خەڵكی ناوچەكانی دەرەوەی سنوری ئیدارەی هەرێمن، بەڵام زانكۆكانی كوردستان خوێندویانە.

د.ئارام روونیكردۆتەوە، هەر چوار دۆسییەكە لەگەڵ ئەنجومەنی راژەی حكومەتی عێراق تاوتوێ دەكەن و ئومێدیان وایە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵدا دەرفەتی كار لە كەرتی گشتی بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دابین بكرێت.



PM:10:06:12/03/2023