دڵشاد گەرمیانی: ئامادەم بۆ ئازادكردنی پێشمەرگە گیراوەكان بچمە لای داعش

‌دڵشاد گەرمیانی
دڵشاد گەرمیانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵەی ئیسلامی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا پێشنیار دەكات بەپەلە لیژنەیەك لە كۆمەلێك مەلایەكی بێ لایەن سەردانی داعش بكەن بۆ بەردانی ئەو پێشمەرگانەی دەستگیكراون‌و خۆیشی ئامادەیە لەگەڵیاندا بچێت.

لە راگەیەنراوەكەی دڵشاد گەرمیانی كە وێنەیەكی بۆ سپی میدیا نێردراوە هاتووە: منیش بەش بەحاڵی خۆم ئەگەر بەپێویست زانراو ڕەزامەندی م عەلی باپیری لەسەر بوو ئامادەم لەگەڵیان بچمە هەرجێگاو هەرشوێنێکی مەترسیدار بەمەبەستی ئەو کارە خێرەو ڕزگارکردنیان.


دەقی راگەیەنراوەكەی دڵشاد گەرمیانی

هاوسۆزیەک لەگەڵ خانەوادەی پێشمەگە دیلەکان و هەوڵێک بۆ ڕزگارکردنیان ئەو پۆلە پێشمەرگەیەی کە دەستگیر کراون وەک لەگرتەیەکی ڤیدۆییدا بینیمان لەبەردەم هەڕەشەی مەرگدان ، پێویستیان بەهاوکاری و بەدەمەوە چوونی بەپەلەی هەموولایەک هەیە بەتایبەت ( سەرۆکایەتی هەرێم و دەسەڵات دار و خاوەن بڕیارەکانی ناو حکومەت) کە دەبێت بەجدی و دڵسۆزانە هەموو ڕێوشوێنێکی گونجاو و پێویست بگرنەبەر و هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ ئازاد کردن و ڕزگارکردنیان لەمەرگ ، بەتایبەت لەم کاتە هەستیارو ناسکەیاندا کە شەڕو پێکدادان و بوردمانی فڕۆکە جەنگیەکان بەردەوامەو ئەوانیش لەپاشەکشێدان ، ئەمەش ئەگەر ی کوشتن و لەناو بردنی دیلەکان زیاتر دەکات.

پێشنیار دەکەم بەپەلەو بێ دواکەوتن لیژنەیەک لە کۆمەڵە مەلایەکی بێ لایەنی خەم خۆری بەغیرەت پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی بچنە هانایانەوەو سەردانی لایەنی بەرنبەر بکەن و دانوستانیان لەگەڵ بکەن و هەوڵی ئازادکردنیان بدەن بەهەر نرخێک بێ ، منیش بەش بەحاڵی خۆم ئەگەر بەپێویست زانراو ڕەزامەندی م عەلی باپیری لەسەر بوو ئامادەم لەگەڵیان بچمە هەرجێگاو هەرشوێنێکی مەترسیدار بەمەبەستی ئەو کارە خێرەو ڕزگارکردنیان.



AM:12:01:03/09/2014