بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە مەسرور بارزانی بە بۆنەی یادی (٣٥) ساڵەی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە) لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە"هێشتا زام و برینی کەسوکاری شەهیدان و بەرکەوتووانی هێرشی کیمیاوی هەڵەبجە ساڕێژ نەبووە و ئێش و ئازاری قوربانییانی تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق، کۆتایی نەهاتووە".
دەشڵێت" ئەرکی هەموو لایەکمانە، بە تایبەتی حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە هاوکار و یارمەتیدەرمان بن بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستەتری خەڵکی خۆڕاگر و قوربانیدەری هەڵەبجەی شاری شەهیدان و مەڵبەندی ڕووناکبیران و زانا و دانا و عارفە بەناوبانگەکانی کوردستان بکەین و ئاوەدانتری بکەینەوە".
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی:
ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە، یادی شەهیدە ستەملێکراوەکانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەکەینەوە کە لە تاوانێکی هۆڤانەدا، بوونە قوربانی و هەمیشە لە دەروون و ویژدانی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتیدا، بە زیندوویی دەمێننەوە.
لەم یادە خەمگینەدا، هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵ بۆ بە فەرمی پەسەندکردنی پارێزگای هەڵەبجە بەرز دەنرخێنین، کە چەندین ساڵە لە پەرلەمانی کوردستان بڕیاری لە سەر دراوە. هەر لەم بۆنە دڵتەزێنەدا ، دووپاتی دەکەینەوە، کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ، لە ئاست بەرپرسیاریێتی ئەخلاقی خۆیدا بێت و هەروەک لە دەستووردا هاتووە، بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی کەس و کار و بنەماڵەی شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالکراوان و هەموو زیانلێکەوتووان و قوربانیانی دەستی ڕژێمی بەعس بکاتەوە و لە دوا سەردانی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش بۆ هەرێمی کوردستان، جەختمان لە گرنگیی جێبەجێکردنی ئەم بڕگەیەی دەستوور کردەوە.
ئەگەرچی 35 ساڵ بە سەر ئەم تاوانەدا تێدەپەڕێت، بەڵام بەداخەوە، هێشتاش زام و برینی کەسوکاری شەهیدان و بەرکەوتووانی هێرشی کیمیاوی هەڵەبجە ساڕێژ نەبووە و ئێش و ئازاری قوربانییانی تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق، کۆتایی نەهاتووە. بۆیە ئەرکی هەموو لایەکمانە، بە تایبەتی حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە هاوکار و یارمەتیدەرمان بن بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستەتری خەڵکی خۆڕاگر و قوربانیدەری هەڵەبجەی شاری شەهیدان و مەڵبەندی ڕووناکبیران و زانا و دانا و عارفە بەناوبانگەکانی کوردستان بکەین و ئاوەدانتری بکەینەوە.
هەروەها جەخت لە سەر حوکمڕانییەکی پاک و بێگەرد دەکەینەوە کە دوور بێت لە دەست تێوەردانی کەسیی و حزبی و ڕێگری لە دام و دەزگاکانی فەرمی حکومەت نەکرێت، بۆ ئەوەی باشتر خزمەتی خەڵکی ستەملێکراوی هەڵەبجە بکرێت.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان