پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق رادەستی پەرلەمان كرا

وتەبێژی حكومەتی عێراق رایدەگەیەنێت" پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی رادەستی ئەنجومەنی نوێنەرانی کراوە کە چەندین ماددە و بڕگەی نوێ لە خۆدەگرێت". 

باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئێوارەی دوێنێ پێنچشەممە، بەشێوەیەکی فەرمی پرۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥) رەوانەی په‌رله‌مان کرا". 

دەشڵێت" پرۆژە یاساکە ئەو بڕگە و ماددانەی لەخۆی گرتووە بۆ یەکەم جارە پشتی پێدەبەسترێت و گەرەنتیە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە و پلان و بەرنامەی جێبەجێکرا و گەشەپێدانەکان و دابینکردنی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاریەکان بۆ هاووڵاتیان". 

ڕۆژی ١٣ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسای بودجەی پەسند كرد کە قەبارەی بودجە نزیكە لە (٢٠٠) ترلیۆن دینار و نرخی نەوت بە (٧٠) دۆلار دیاری كراوە، هەروەها بەپێی لێدوانی عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی بێت نزیكەی (٦٠) ترلیۆن دینار كورتهێنانە. 

پشكی هەرێمی كوردستانیش لە پڕۆژەیاساكەدا بە (١٢.٦٧) جێگیر كراوە، تا ئەوكاتەی سەرژمێری گشتی لە عێراق دەكرێت و دواتر گۆڕانکاری لە ڕێژەکەدا دەکرێت. 


PM:02:00:17/03/2023