وەزارەتی پێشمەرگە: هەوڵی دڵشاد گەرمیانی بەرز دەنرخێنین

‌هەڵگورد حیكمەت
دوای ئەوەی دڵشاد گەرمیانی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ئازادكردنی ئەو پێشمەرگانە گیراون بچێتە لای داعش،  وەزارەتی پێشمەرگە دەستخۆشی لەو هەنگاوە دەكات و هەر هەوڵێكی لەو جۆرەش بەرز دەنرخێنێ.

هەڵگورد حیكمەت بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هۆشیاری و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند ‌هیچ هەوڵێكی ئازادكردنی ئەو پێشمەرگانە ئەنجامی نەبووە، كە لەرێگەی كەسایەتییە عەشایەرەكانەوە گیراوەتەبەر‌.
هەڵگورد حیکمەت باسی لەوەش کرد ‌بەردەوام دەبین لە رێگەی گۆڕینەوەی دیلەکان لەگەڵ یەکتری لەو چوارچێوەیە هەوڵەکان بخەینەگەڕ، بەڵام هیچ كەناڵیكی راستەوخۆ نییە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ چەكدارانی داعش، باس لەوەش دەکرێ لە ڕێگەی عەشیرەتە عەرەبەكانەوە ئەو هەوڵەشیان لەگەڵ بدەین‌.

سەبارەت بەقسەكانی دڵشاد گەرمیانی كە دەڵێت 'ئامادەم بچمە موسڵ، بەهاوڕێیەتی چەند مەلایەکی بێلایەن، بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ چەكدارانی داعش بۆ ئازادكردنی ئەو پێشمەرگانە'. بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هۆشیاری و ڕۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگە گوتی ‌ئەو هەوڵەی كاك دڵشاد بەرز دەنرخێنین و هەر كەسێك ئەو كارە بكات جێگەی شانازییە و دەستخۆشی لەو هەوڵە دەكەین.




PM:01:37:03/09/2014