لە باکوری کوردستان و چەند ناوچەیەکی دیکەی تورکیا ئاهەنگەکانی نەورۆزی ئەمساڵ دەستیانپێکرد، سەرەڕای بارانبارین هاوڵاتییان روو لە گۆڕەپانەکانی ئاهەنگی نەورۆز دەکەن.
بەرنامەی نەورۆزی ئەمساڵ لە باکووری کوردستان و تورکیا لە لایەن کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە)، تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)، پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) و کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە)ەوە ساز کراوە.
هەروەها نەورۆزی ئەمساڵ بە درووشمی (هەموو شوێنێک نەورۆز، هەموو کاتێک ئازادی و بە ئاگری نەورۆز بەرەو ئازادی) مەراسیمەکە بەڕێوەدەچێت کە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار.
یەکەم ئاگری نەورۆزی ئەمساڵیش لە ناوچەی شەمزینانی جۆلەمێرگ لەلایەن پارت و رێکخراوەکانی کوردیوە هەڵکرا.
هەر ئەمڕۆ لە (٢٣) شاری دیکەی باکوری کوردستان و تورکیا ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەدەچێت.
بڕیارە ئاهەنگە گەورەکەی نەورۆز لە ٢١ی ئازار لە شاری ئامەد، شرنەخ و جزیرێ، ڕحا و وێرانشار، چاناقڵا ئەنجام بدرێت کە چاوەڕێ دەکرێت بە سەدان هەزار کەس وەک ساڵانی رابردوو بەشداری لە ئاهەنگەکەدا بکەن.