لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا زیاتر لە (٤٠) کەس بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران برینداربوون

لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە ٤٠ هاوڵاتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بریندار بوون.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە کۆتایییەکانی شەوی دووشەممەی ڕابردوو لە شارەکانی مەهاباد، بوڵواناوا سەر بە دێولان، سەقز و سنە خەڵک کە بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز ڕژابوونەوە سەر شەقامەکان، درانە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی ئێران و زیاتر لە ٤٠ کەس برینداربوون.

بەپێی ئەو ڤیدیۆییانەی لە شاری مەهابادەوە دەستی هەنگاو کەوتووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ڕاستەوخۆ خەڵک کە دروشمی (شەهید نامرێت و ژن، ژیان، ئازاد)یان دەوتەوە داوەتە بەر دەستڕێژ و زیاتر لە ٣٠ هاوڵاتی برینداربوون کە زۆرترین بریندارەکان ژن و منداڵ بوون.

هەروەها، لە شاری سەقز و بە تایبەتی لە گەڕەکی کەریم ئاوای ئەو شارە، سەرەڕای فڕێدانی گازی فرمێسک ڕێژ، هێزەکانی حکومەت ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کردووە، کە هەنگاو برینداربوونی ٩ کەس پشتڕاست دەکاتەوە کە ٢ کەسیان ژن بوون.

لە شارۆچکەی بوڵواناوا سەر بە شاری دێولان هێزەکانی حکومەت ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کرد کە بەهۆیەوە لانی کەم سێ کەس بریندارکران. 

هەروەها هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چەند گەڕەکێکی شاری سنە هێرشیان کردە سەر ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز و بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان چەندین هاوڵاتیی بریندارکراون.



PM:02:36:22/03/2023