بۆ لەدایكبوونی منداڵ بەنەشتەرگەری لە سبەینێ پێنجشەممە، هۆشداری دەدرێت


پزیشكێكی منداڵان رەخنەی لە توند دایكان و نەخۆشخانە تایبەتەكان دەرێت كە تەنها لەبەر "بەرواری جوان" سبەینێ پێنجشەممە ٢٣-٣-٢٠٢٣، بە نەشتەرگەری منداڵەكانیان دەهێننە دنیاوە.

د.پشدەر عەبدوڵا، پزیشكی پسپۆری منداڵان رایگەیاندووە "شەرم و عەیبەیەكی گەورەیە منداڵەكەت بە نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی تایبەت لە ڕۆژی ٢٣-٣-٢٠٢٣ لەدایك بێت بەتایبەت ئەگەر نەبەكامیش بێت، ئەی وەزارەتی تەندرووستی و سەندیكاكان لەكوێن؟، چ عەیبەیەكی گەورەیە ڕێژەی منداڵبوون بە نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی تایبەت ڕێژەی سەرووی لەسەدا ٩٠ بێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "باشە وتمان هاووڵاتیان ئاستی وشیاری زانستیان زۆر كەمە، ئەی پزیشكان بۆ وا ئەكەن؟، بۆ نازانن منداڵبوون بە نەشتەرگەری چەند ترسناكە بۆ منداڵەكەو بۆ دایكەكەش؟، ئەی نازانن كە منداڵی نەبەكام چەند مەترسی لەسەرە؟ باشە ئەی نازانن كە خودا خۆی ئاگاداری هەموو شتێكەو ناخەڵەتێندرێت؟".


ساڵی رابردووش بەهەمانشێوە بەشێك لە دایكان بەهۆی ئەوەی رۆژی ٢٢-٢-٢٠٢٢ بەروارێكی جوان بوو، لەو رۆژەدا و بەنەشتەرگەری هەوڵیاندا منداڵیان ببێت تا بەپەلە وەزارەتی تەندروستی نەشتەرگەری منداڵبوونیان لەو رۆژەدا لە نەخۆشخانە تایبەتییەكان قەدەغەكرد.



PM:08:42:22/03/2023