"هەرچی پێشنیاری وەفدی هەرێمە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە رەتکراوەتەوە"

ئەمڕۆ یەک شەممە هەر رۆژێک دوای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای پاریس، وەفدی هەرێم خۆیان گەیاندە بەغدا بۆ قسەکردن لەسەر رێککەوتنێکی نوێ پێش ئەوەی یاسای بودجە پەسەند بکرێت، بەپێی زانیارییەکانی "سپی" کۆبوونەوەکە هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

وەفدەکەی هەرێم پێکهاتبوون لە کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغداد لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق حیان عەبدولغەنی کۆبوونەوە، بەپێی زانیارییەکانی " سپی " وەفدی هەرێم چەند پێشنیارێکی جیاجیای کردووە کە پێش دەرچوونی یاسای بوددجەی ٢٠٢٣ لە پەرلەمانی عێراق دەستبکرێتەوە بە هەناردەکردنی نەوت، بەڵام لایەنی عێراقی هەموو پێشنیارەکانی هەرێمی رەتکردۆتەوە.

بڕیاریشە لە دوو رۆژی داهاتوودا جارێکی تر وەفدی هەردوولا کۆببنەوە.

حکومەتی هەرێمی مەترسی ئەوەی هەیە کە راوەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم درێژە بکێشێت، ئەمەش کاریگەری گەورەی لەسەر داهاتی هەرێم دەبێت کە بگاتە ئەو ئاساتەی نەتوانێت مووچەی مووچە خۆران بدات.

دوێنێ دادگای ناوبژیوانی پاریس بڕیارێکی لە قازانجی حکومەتی بەغدا دەرکرد و لایەنی تورکی بە لادەر لە رێککەوتنێکی نێوان ئەوان عێراق تۆمەتبارکرد کە ساڵی ١٩٧٣ لەلایەن هەردوولاوە واژوو کرابوو کە بەبێ رەزامەندی عێراق نەوتی هەرێم لەبۆری جیهانەوە نەفرۆشرێت، هەرێمی کوردستان و تورکیا لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە سەرپێچی ئەو رێککەوتنەیان کردووە.  
 


  

PM:07:40:26/03/2023