نەوەی نوێ راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە


جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت، راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا سەبارەت بە هەرێمی كوردستان 100% راستن، چونكە ساڵانە لە هەرێمی كوردستان چەندین پێشێلكاری دەكرێت.

دەقی راگەیەنراوەكە..

‎ئاشكرایە لای ھەموان باردودۆخی ئێستای كوردستان لەھەمو ڕوویەكەوە لە پاشەكشەدایە و حكومەتی ھەرێمی ماوە بەسەرچووش بەدرێژایی حوكـمڕانی خۆی نەیتوانیوە و نەیویستووە خزمەت بە ھاوڵاتیان بكات و گەیشتۆتە ئاستێك ھەموو كارێكی نابەجێ و نایاسایی و نادیموكراسیی پەیڕەوبكات لە پێناو مانەوەی لەدەسەڵاتدا.

‎وێڕای پشتیوانیی تەواومان بۆ ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بە پاشەكشەی دیموكراسیی و ژیانی سیاسیی لەهەرێمی كوردستان. لەهەمانكاتدا دەمانەوێت ئەوەش پشتڕاست بكەینەوە كە سەد لە سەدی زانیارییەكان ڕاستن و هێشتا هەندێك بابەتیتری تایبەت بە ئازادیی و سیستمی دادوەریی و بەكارهێنانی دەسەڵات بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان باس نەكراون.

‎ئەم فشارانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەپاڵیدا فشاری ناوخۆیی لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم بەباشە كاریگەری لەسەر پڕۆسەی بەدیموكراسی بوونی هەرێمی كوردستان دروست دەكات. بۆیە ئەو فشار و غەمخۆرییەی كۆمەڵگەی نیودەوڵەتیی شایەنی پێزانینی زۆرە و بەهیوای چڕكردنەوەی زیاتری فشارەكان بۆ ڕزگاركردنی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی لە دیكتاتۆریەتێكی حەتمی داهاتوو. بەپێچەوانەوە، ئەگەر ئەم فشارانە چڕ نەكرێتەوە ئەوە مسۆگەر هەرێمی كوردستان لە دیكتاتۆرییەتێكی حەتمی نزیك دەبێتەوە.

‎دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لە هەردوو حزبی فەرمانڕەوا " پارتی و یەكێتی" بەتەواویی ڕێگرن لەبەردەم بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی دیموكراسی و ئازادیی لە هەرێمی كوردستان. ئەوەی ئەم بانگەشەیە پشتڕاستدەكاتەوە پشتبەستنی پارتی و یەكێتییە بە ئامڕازە نادیموكراسیەكان لە بەڕێوبردنی هەرێمی كوردستان، كە ئەوانیش بریتین لە:

‎١-دواخستنی هەڵبژاردنەكان بەبێ هیچ بیانوویەكی یاسایی و شەرعیی.
‎٢-دەستێوەردان لە كاروباری دادگاكان و لاوازكردنی دەسەڵاتی دادوەریی و كۆنتڕۆڵكردنی تائاستی بێبەهاكردن.
‎٣-سنورداركردنی مافە مەدەنیی و ئازادییە سیاسیەكان و سەركوتكردنی دەنگ و رەنگی ئۆپۆزسیۆن.
‎٥-دەستگیركردنی ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانان.
‎٦-سەركوتكردنی شێوازەكانی بەشداریی سیاسیی بەنموونەی خۆپیشاندان وگردبوونەوە جەماوەرییەكان.
‎٧-برەودان بە كلتورە نادیموكراسیەكان لە هەرێمی كوردستان. بۆنموونە بەحزبیكردنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی.

‎هۆكاری سەرەكیی شەلەلبوونی بنەما دیموكراسیەكان لەلایەن پارتی و یەكێتیەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پارتی و یەكێتی پێیانوایە لە حاڵەتی بەهێزبوونی پڕۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی سیاسی و بەرژەوەندییە ئابوریەكانیان لەدەست دەدەن. بۆیە بەردەوام‌ ڕێگرن لەبەردەم بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی دیموكراسی لەهەرێمەكەدا.

‎ئێستا چیتر لەدۆخێكداین ئەگەر هەرێمی كوردستان یەك هەنگاوی بچووك بچێتە دواوە ئەوە بەتەواویی دەبێتە هەرێمێك كە سیستمی حوكمڕانیەكەی دیكتاتۆرییە. بەڵام پێویستی بەوەیە دەیان هەنگاو بچێتە پێشەوە بۆ گەیشتن بە دیموكراسیەكی تەواو پێشكەوتوو.

‎هاوپێچ لەگەڵ پشتیوانییەكانمان ڕاپۆرتێكتان بە داتا و بەڵگەوە پێشەكەش دەكەین سەبارەت بە پاشەكشەی دۆخی دیموكراسیی.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ
٢٦/٣/٢٠٢٣



PM:10:34:26/03/2023