فراكسیۆنی یەكێتی بەرامبەر دەنگنەدانیان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان روونكردنەوە دەدەن


فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لایەنێكی سیاسی بۆ بەرژەوەندی تەسكی حزبیان لەبەرامبەر دوو كورسی كۆتای مەسیحیەكان و دەنگی ئاوارەكانی ناو كەمپەكانی دەشتی نەینەوا، سازشیان لەسەر كەركوك كرد.

فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، دوای مشومڕ و ململانێەكی زۆر، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران تێپەڕێندرا، فراكسیۆنی یەكێتی لەسەر ئەو مادەو بڕگانەی پەیوەندی بە پارێزگای كەركوك هەبوو، ناڕازی بو، بۆیە دەنگی بەو مادەو بڕگانە و كۆی یاساكە نەدا.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، سەبارەت بەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، هەرچەندە لە ساڵی 2004وە بە هۆكاری سیاسی هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام نەدراوە، بەڵام ئەون بەشدارییان لە دانیشتنەكە بۆ ئەوە بوو كەركوك بەدەرنەكرێت لە هەڵبژاردن، بەڵام  ئەو مەرجانەی بۆ وردبینیكردن لە تۆماری دەنگدەرانی كەركوك دانراوە، ناڕون و نادادپەروەرن و دژی پێكهاتەی كوردە.

فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت "ئەو مادە پەسەندكراوە هەمان ئەو مادەیە نییە كە ڕۆژی پێشوتر بەرەزامەندی هەموو پێكهاتەكان ئامادەكرا، بەڵام بەهۆی ئەنجامنەدانی دانشتنەكە دەنگی لەسەر نەدرا".

هەروەها باسیان لەوەكردووە، لە یاساكەدا سەرژمێری 1957 كراوەتە یەكێك لە بنەماكانی دەنگدەر لەكەركوك، بەڵام ئەوەی مەترسی لەسەر ئەم بنەمایەیە لەمادەیەكی پێشوتری یاساكەدا هاتووە كە هەر پارێزگایەك بەسنوری ئیداری ئێستای بازنەیەكی هەڵبژاردنە، ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێت كە ڕاستە سەرژمێری (57) بنەمایە، بەڵام بەسنوری ئیداری ئێستای كەركوك و بەمەش دەنگدەرانی رەسەنی كەركوك لە چەمچەماڵ و كەلار و كفری و دوزخورماتو كە لەساڵی 1957 سەر بە كەركوك بون ئەكەونە بەردەم  مەترسیی سڕینەوە.

هەروەها دەڵێت "هێزە كوردستانیەكان بەیەك هەڵوێستەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم پرسە گرنگەدا نەكرد، لایەنێكی سیاسی بۆ بەرژەوەندی تەسكی حزبیان لەبەرامبەر دو كورسی كۆتای مەسیحیەكان و دەنگی ئاوارەكانی ناو كەمپەكانی دەشتی نەینەوا، سازشیان لەسەر كەركوك كرد".

فراكسیۆنی یەكێتی وتویەتی "یەكێتی سوورە لەسەر ئامانج و ستراتیژی لەمێژینەی لەبەرگری كردن لە كەركوك و هەمو ناوچە كوردستانیە بەناهەق دابرێنراوەكان، هەمو ڕێگایەكی دەستوری و یاسایی و سیاسی دەگرێتەبەر و سازشكردن لەسەر كەركوك بۆ بەرژەوەندی  تەسكی حزبی  مێژو بە ناشیرینی ئەینوسێتەوەو خەڵكی خۆراگری كەركوكیش لەبیری ناكەن".



PM:04:15:27/03/2023