بەسێ هۆزات: هەڵبژاردنی سەرۆک كۆمارى تورکیا بۆ ئێمە گرنگە

هاوسەرۆكی كەجەكە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا بە گرنگ دەزانێت و بڕیاری هەڵپەساردنی چالاکییە چەکدارییەکانی بۆ دوای پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا درێژکردەوە.

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە میدیای فەرمی پەکەکەی رایگەیاندووە" هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ گەلەکەمان و بۆ گەلانی تورکیا پرۆسەیەکی زۆر گرنگە و راستییەکی روونە کە هەڵبژاردنێکی مێژووییە بۆیە ئێمەش ئەم گرنگیە لەبەرچاو دەگرین".

هاوسەرۆکی کەجەکە راشیگەیاند" تا دوای بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا سەرجەم چالاکییەكى چەکداری لە هەموو شوێنەکان ڕاگیراون". 

بڕیارە رۆژی ١٤ی ئایاری ئەمساڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا ئه‌نجامبدرێن، تائێستا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا هەر یەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی ئاکپارتی و مەهەپە و کەمال کلچدارئۆغڵو، کاندیدی جەهەپە و ئیی پارتی، وەک کاندیدی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو پەسه‌ند کردووە.


AM:10:57:28/03/2023