سەرمایەکی بەهێز و شەپۆلێکی دیکەی بەفربارین و بارانی بەلێزمە ڕوو لە هەرێم دەکات

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت" سبەینێ شەپۆلێکی بەھێزی سەرما و بەفربارین ڕوو لە هەرێم دەکات". 

ئاراس جەبار شارەزاى کەشناسى رایگەیاند" سبەینێ کەشی ھەرێم بەشێوەیەکی گشتی سەقامگیر ئەبێت و ئاسمانی ناوچەکە بە زۆری ساماڵ و کەمێک پەڵە ھەور ئەبێت لە زۆرێکی ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە لەکاتەکانی ئەمشەو تا بەرەبەیانی سبەی تەم و مژی چڕ ئەبێت دواتر نامێنێت". 

ئاماژەى بەوەشکردوە، پلەکانی گەرما بۆ سبەی ٣ تا ٤ پلەی سەدی بەرزدەبێتەوە، خێرای با لە کاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە مامناوەند بۆ نیمچە بەھێز چالاکەبێت بەخێرای ١٥ تا ھەندێک کات بۆ زیاتر لە ٣٥ کم/س لە ئاراستەی باشوری رۆژئاواوە. 

دەشڵێت" سبەی کاریگەری ئەو نزمەپاڵەپەستۆ جەمسەریەی کە لەباکوری ئەوروپاوە سەرچاوەی گرتووە خۆرئاوای وڵاتی تورکیا دەگرێتەوە و لەو ناوچانەدا شەپۆلێکی بەھێزی سەرما و بەفر بارین دەستپێدەکات و بۆ کاتەکانی سبەی ئێوارە و شەو کاریگەریەکانی درێژ ئەبێتەوە بۆ باکوری کوردستان و بارانبارین بەشێوەیەکی پچر پچر لەناوچە شاخاویەکانی باکوری پارێزگای ھەولێر و دھۆک دەستپێدەکاتەوە". 

هەروەها لای خۆشییەوە کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەمڕۆ ئاسمان لە نێوان ساماڵ و نیمچە هەور دەبێت لە دواینیوەرۆە دەگۆرێت بۆ هەوری تەواو لەگەڵ بارینی باران بە تایبەیتی لە ناوچەکانی بەشێک لە پارێزگای سلێمانی و گەرمیان وە لە هەندێ ناوچە شاخاویەکان لە کاتەکانی ئێوارەدا بە گشتی ئاسمان بۆ نیمچە هەور و ساماڵ دەگۆرێت، پلەکانی گەرما یەک تا سێ پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە و خێراى با (١٠ – ٢٠)کم دەبێت بە ئاراستەی باکورى خۆرئاوا و مەوداى بینین (٨ - ١٠)کمە". 

ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ بە گشتی ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەورە، بەڵام ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای دهۆک نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت ئەگەری بارینی شەستە باران هەیە لە کاتەکانى ئێوارەو شەودا لەسەر بەشێک لە ناوچەکان بە تایبەت ئاکرێ و شیلادزێ و ئامێدی و بارزان و دێرەلوک، هەروەها لە کاتى باران بارین هەورە تریشقەشی لەگەڵدا دەبێت، پلەکانی گەرما یەک تا دوو پلە بەرزدەبنەوە و خێراى با (١٠ – ٢٠)کم دەبێت بە ئاراستەی باشووری خۆرئاوا و مەوداى بینین (٩ - ١٠)کمە. 


AM:11:10:28/03/2023