کاتی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا راگەیەندرا

وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم ڕایدەگەیەنێت" لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو پێشکەشکردن بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا و دیپلۆمی باڵا دەستپێدەکات". 

ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە هەولێر بەڕێوەچوو رایگەیاند" هەنگاوەکانی پرۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا و دیپلۆمی باڵا گەیشتوونەتە کۆتایی و ئەمڕۆ وادەی دەستپێکردنی پێشکەشکردن رادەگەیەنین". 

وتیشی" لە رۆژى یەکشەممەوە دەرگاى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى ماستەر و دکتۆرا و خوێندنى باڵا، لە زانکۆکانى هەرێم بەڕووى خوازیاراندا دەکرێتەوە". 

راشیگەیاند" شەش هەزار کورسی بۆ هەرسێ قۆناغەکە تەرخانکراوە و فەرمانبەران و هاوڵاتییانی دیکەش دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن". 

ئاماژەی بەوەشکرد، دوو هەزار و ٣٠٨ کۆرسی بۆ دیپلۆمی باڵای یەکساڵەی ئەکادیمی و دیپلۆمی باڵای دوو ساڵەی پزیشکی (١٦٠) کورسی، هەروەها ژمارەی کورسییەکان بۆ خوێندنی ماستەر سێ هەزار و ٣١٢ کورسی و خوێندنی دکتۆرا هەزار و ٨٣٤ کورسی تەرخانکراوە.


PM:02:24:29/03/2023