"بەپێی رێکاری وەزارەتی نەوتی عێراق نەوتی هەرێمی دەفرۆشین"


لە بارەی دوا پەرەسەندنەکانی وتوێژی نێوان وەفدی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند "پەلەیانە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، ڕاگرتنی زیان بە ئابوری نیشتمانی دەگەیەنێت، بەڵام بەپێی ڕێکاری خۆمان نەوتی هەرێمی کوردستان دەفرۆشین".
 
عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق پەرۆشی بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی عێراق ڕایگەیاند و وتی " ئامانجی عێراق زیادكردنی داهاتەكانێتی كە لەڕێی نەوتەوە دەستیدەكەوێت، لەكێڵگەكانی ناوەڕاست و باشوربێت یاخود كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوەش ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر كۆمەڵگەی عێراقی بەتەواوی پێكهاتەكانیەوە".

وتەبێژەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق جەختی کردەوە کە پابەند دەبن بە جێبەجێكردنی بڕیاری دادگا نێودەوڵەتی پاریسەوە و وەکو خۆی جێبەجێی دەکەن.

عاسم جیهاد وتیشی" میكانیزمی نوێی هەناردەكردنی نەوت لەڕێی بەندەری جیهانی توركیەوە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی و وەزارەتی نەوت و نوێنەرایەتیەكەیدا دەبێت لەتوركیا، كە كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق سۆمۆیە".

لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ دادگای پاریس دوا بڕیاری راگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی دەرکرد، بەمەش کۆتایی بە ٩ ساڵ لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە رێگای بۆری کوردستانەوە بۆ بەندەری جیهانی تورکی و لێوە بۆ وڵاتان هات.



PM:07:30:29/03/2023