حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت رێككەوتن


لەمیانەی ئەو زنجیرە كۆبوونەوانەی لەنێوان وەفدی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق لەبەغدا سازكراوە، دوێنێ دواكۆبوونەوە لە ماڵی د.فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق كراوە كە نوێنەرایەتی هەرێمی كردووە و هەردوولا لەسەر دۆسیەی نەوت رێككەوتن.

بەپێی زانیارییەكان (سپی) پێش ئەو كۆبوونەوەیە كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم كە یەكێك بوو لە ئەندامانی وەفدی هەرێم گەڕاوەتەوە بۆ هەولێر و رەزامەندی مەسرور بارزانی و پارتی وەرگرتووە و پاشان گەڕاوەتەوە بەغدا و لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا رێككەوتوون.

سەبارەت بە وردەكاری رێككەوتنەكە كە چەند تەوەرێكە، بەپێی بەدواداچوونی سپی، سەرەتا فرۆشتنی نەوت و هەناردەكردنی دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی كۆمپانیای سۆمۆوە (بەم پێیە بێت نەوتی هەرێم بۆ هەر بەرمیلێك نزیكەی ١٢ دۆلار نرخەكەی زیاد دەكات)، تەوەرێكی دیكەش پەیوەندی بە كۆمپانیای سۆمۆوە هەیە و بڕیاردراوە جێگرێكی بەڕێوەبەری گشتی سۆمۆ بدرێت بە هەرێمی كوردستان.

دەربارەی وردەكارییەكانی دیكەی رێككەوتنەكە، لیژنەیەكی بەدواداچوون و وردەكاری لەبەغدا و هەرێم پێكدەهێنرێت كە لە چوار كەس پێكدێت دوو عەرەب و دوو كورد.

سەبارەت بە داهاتی نەوتەكەوە هەژمارێكی حسابی بۆ نەوتی هەرێم دەكرێتەوە لەژێر چاودێری دارایی عێراق كە تێكڕای پارەكەی بۆ هەرێم دەبێت، هەروەها ئەو لیژنەیەی كە پێكهێنراوە چاودێری و هەوڵی چارەسەری ئەو كێشانە دەدات كە لەبواری جۆری گرێبەستەكانی هەرێم و پارەپێدانی كۆمپانیاكان دێتە رێگەیان.

دوا خاڵیش بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا جارێكی دیكە دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوت دەكرێتەوە.




PM:02:32:01/04/2023