بەرپرسێكی باڵای هەرێم زانیاری نوێ سەبارەت بە دەستپێكردنی هەناردەی نەوت ئاشكرا دەكات


راوێژكارێكی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ھەرێم و بەغدا لەبارەی دۆسیەی نەوت گەیشتوونەتە رێككەوتن و لەچەند كاتژمێری داھاتوو نەوتی ھەرێم ھەناردە دەكرێت.

‎د. بێوار خنسی، راوێژكاری سەرۆكی حكومەتی ھەرێم بۆ وزە، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە، لەنێو پڕۆژە یاسای بوودجەی عێراقدا ھاتووە پێویستە عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی بازاڕەكانی جیھان بكات و لەوەش ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمە  و ٧٠ دۆلار بۆھەر بەرمیلێك مەزەندەكراوە، لەوەش زیاتر ٧٥ ھەزار بەرمیلی رۆژانەی نەوتی كەركوك بە بۆری ھەرێمی كوردستان ھەناردە دەكرێت".

‎ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە، رێككەوتنی ھەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت كراوە و نوێنەری ھەرێم لە كۆمپانیای سۆمۆ دەبێت و پۆستی جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای ناوبراو دەدرێتە كورد، هاوكات ژمارەیەك بەڕێوەبەری كوردیش لە سۆمۆ دەبن بۆ چاودێری پرۆسەی ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێم، بڕیارە لەچەند كاتژمێری داھاتوو نەوتی ھەرێم ڕەوانەی دەرەوە بكرێت، چونكە ئەگەر نەوتی ھەرێم ڕابگیرێت عێراق  ٣٧ ملیۆن دۆلار زیانی بەردەكەوێت.



AM:10:38:02/04/2023