سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" کاتی ئەوەیە بڕیارە دروستەکە بدرێت و کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشێت و کۆی داهاتی نەوت لە تەواوی عێراق بچێتە یەک خەزێنەوە".
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس و راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی تورکیاوە، لەپێناو داهاتووی میللەتەکەمان و رێگریکردن لە دروستبوونی گرفت و قەیرانی گەورە، کاتی ئەوەیە بڕیارە دروستەکە بدرێت، کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێت و کۆی داهاتی نەوت لە سەرتاسەری عیراق بچێتە یەک خەزێنەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد" پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و داهاتی عیراق دیاری بکرێت و مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێم گەرەنتی بکرێت، سیستەمی بەنزین، نەوت و گازوایلی هەرێمی کوردستان ببەسترێتەوە بە عیراق و بەهەمان نرخ بدرێتەوە بە هاوڵاتیان، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە کۆمپانیای سۆمۆ و کۆی سیستەمی نەوت و غازی عیراق هەبێت و بەشێکبن لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان".