دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم لەسەر هێرشکردنە سەر دانی سویدی و تاشینی پرچی ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن" ئەو ڕوداوە زەرورەتی بوونی یاسایەکی تایبەت بۆ ڕێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەکاتەوە".
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بەداخەوە دوای بڵاوبونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەلایەن کەسێکەوە کە زۆر نامرۆڤانەو دور لە بەهای مرۆیی و ئایینی و هەمو قیەمێکی عورفی سوکایەتی بە هاوڵاتیەک دەکات، بە لێدان و پرچ تاشین و جوێن و سوکایەتی پێکردن، وێڕای ئەوەی بەتوندی سەرکۆنەی ئەو کارە نامرۆڤانە دەکەین و نیگەرانی خۆشمان دەردەبڕین لە بڵاوبونەوەی گرتە ڤیدیۆکە".
ئاماژەی بەوەشکردوە" بەدواداچونی پێویستمان کردوە و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بە سەردانی کردن و کوبونەوە لەگەڵیاندا لەسەر بەڕێوەچونی ڕێککارەکانی دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوەی تۆمەتبار، بەردەوامیش دەبین لە چاودێریکردن پڕۆسەی دادگاییکردن تا قۆناغی کۆتایی و سزادانی تۆمەتبار بە سزای عادیلانەی خۆی".
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ڕوداوە زەرورەتی بونی یاسایەکی تایبەت بۆ ڕێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەکاتەوە کە بەداخەوە زۆرجار سۆشیال بۆ بەکارهێنانی کاری نەشیاو نایاسایی و هەڕەشە بەکاردەهێنرێت، بۆیە پێویستە ئەو بابەتە بەجدی کاری بۆ بکرێت و ڕێکبخرێتەوە، دەستەی مافی مرۆڤ ئامادەیی خۆی پیشان ئەدات بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بەم بابەتە.